تیمێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی بە “تیمی سەربەخۆ بۆ پیاداچوونەوەی ستراتیجی بە ئەرکەکانی یۆنامی” لە ٦ی مانگی تشرینی دووەمەوە لە عێراقە و بڕیارە هەتا ٢٧ی هەمان مانگ لە وڵاتەکە بمێنێتەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنێکی ورد و چڕ بۆ ڕۆڵ، چالاکی و کارەکانی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی).
هاوکات تیمەکە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٦٨٢ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ بەم ئەرکە هەڵدەستێت، بەپێی بڕیارەکە دەبێت هەتا ٣١ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٤ ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش.
فالکا پێاتس، سەرۆکایەتی تیمەکە دەکات و هەتا لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوە سیڤیلییەکان بۆ ئەو مەبەستە کۆبووەتەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، لایەنە جیاوازەکانی عێراق بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوە هەوڵدەدەن ڕۆڵی وڵاتانی هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بەرن، ئەمەش مەترسی دروستدەکات.
باسی لەوەکرد، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرا، بەڵام هێشتا هێزەکان نەگەیشتبوونە کوەیت، کێشەی گەورە لە نێوان شیعە و سوننە بەرانبەرایەتی مالیکی و هاشمی دەستیپێکرد، لە کاتێکدا هێشتا داعش و شانە نستووەکانی ماون، ڕۆژانە سنوورەکانمان بە پاساوی بوونی پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆردومان دەکرێن.
وتیشی، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ململانێکانی دیکەی عێراق پێویستی بە ئیدارەدانێکی بێ لایەن هەیە کە دامەزراوەیەکی وەک یۆنامی دەتوانێت بیکات، دەبینین خاتوو پلاسخارت ساڵانە لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان وتاری هەیە لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم، کە ئێمە هەندێک جار ئەوەی دەیڵێت لەسەر هەرێم بەو جۆرە نییە، بەڵام ئەوە دەبینین وردە وردە خەریکە قسەکانی دێنەدی.
ئەوەشی خستەڕوو، لایەناکنی ئێران، تورکیا و عێراقن کە خۆشحاڵ نین بە مانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان، چونکە یۆنامی لە ڕاپۆرتەکانیدا تەنها نەک ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەردەخات، بەڵکو مەترسییەکانی سەر هەرێمیش دەردەخات، بەڵام خۆ ناکرێت نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر بکرێنە بارمتە و موچەیان بۆ نەنێرێت، بۆیە یۆنامی ئەو بابەتەی زۆر بە جدی وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکات.
هۆشیار سیوەیلی، بۆ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەکرد، ڕەنگە یۆنامی نەیتوانیبێت لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو هەموو ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت، بەڵام کاری باشی کردووە، ئەگەر یۆنامی نەبووایە پرۆسەی سیاسی و ئاشتی لە عێراق لەوەی ئێستا هەیە خراپتر دەبوو، لە ساڵی ٢٠٢١ یش، حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەو ئەرکە بۆ یۆنامی زیاد بکات کە هاوکاری کۆمسیۆن بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
وتیشی، لە ساڵی ٢٠١١ داوامانکرد کە هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێنەهێڵێت، چونکە دەمانزانی دۆخی سیاسی عێراق بەو جۆرە نییە کە ئێمە پێویستمان بە هاوکاری دەرەکی نەبێت.
هۆشیار سیوەیلی وتی، دەبینین هەر سێ مانگ جارێک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم ڕاپۆرتی هەیە لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەر بۆیە لایەنە کوردییەکان بە گشتی مانەوەی یۆنامیان بۆ گرنگە بە ئامانجی سەقامگیری ئاسایشی عێراق.
هۆشیار عومەر عەلی ئەوەی خستەڕوو، یۆنامی کە لێرەیە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لێرەیە، کە ئەرکێکی ئەنجومەنەکە بریتیە لە پاراستنی ئاسایشی جیهان، عێراقیش دۆخی باش نییە لە ڕووی ئاسایشەوە، ئەم داوایەی کراوە بۆ ئەوەی یۆنامی بە ئەرکەکانیدا کردووە زیاتر بۆ دابڕانی عێراقە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵبژاردن بە ڕاستی پێویستمان بە یۆنامییە.
وتیشی، یۆنامی ڕۆڵی باشی بینیووە لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی نێوان هەرێم، چەندین جار پلاسخارت نوێنەری لایەنەکانی کۆکردووەتەوە، تەنانەت لە ئۆفیسەکەی خۆیان لایەنە ناکۆکەکانی لەسەر یەک مێز کۆکردووەتەوە، گرنگە هەرێمی کوردستان بۆ یۆنامی ئێستا هەوڵی دروستکردنی لۆبی بدات لێرەوە لە ڕێگای نوێنەرایەتی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کە کونسوڵیان لە هەرێم هەیە بۆ مانەوەی یۆنامی لە عێراق و هەرێم.
مامۆستا دڵشاد نامیق فەرەج، سەبارەت بە مانەوەی یۆنامی لە عێراق وتی، دوای ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق ڕوویان دا و چەندین خۆپیشاندەر کوژران، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی خۆی لەو بارانەوە هەبوو، ئەمەش تێڕوانینی هەندێک لایەنی عێراقی بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕی.
وتیشی، یۆنامی دامەزراوەیەکی گرنگە، دەرگای دەرەوەیە بۆ عێراق، داخستنی ئەم دەرگایەش داخستنی دەرگای عێراقە بۆ دەرەوە، چونکە لە ٢٠٠٣ و دوای ڕووخانی بەعس کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان هات بۆ کارکردن لە عێراق، ئیمتیازێکی گەورە بوو بۆ عێراق، بۆیە کەمکردنەوەی ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق نەک تەنها داخستنی دەرگاکەی دەرەوەیە، بەڵکو کەمکردنەوەی متمانەی حکومەتی عێراقە لە دەرەوە.
باسی لەوەشکرد، ترسی کورد سەبارەت بە داواکاری پێداچوونەوە بە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق لە جێی خۆیەتی، ئەمە ئاڵنگارییەکە کە لە بەردەمماندایە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نییە، گرنگە ئەم وتارە هاوبەشە لایەنەکان کاری لەسەر بکەن، چونکە هەر وجودی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان وەک کیانێک دەرهاویشتەی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە.