ڕۆژنامەی كەیهانی ئێرانی، كە بە زمانحاڵی بناژۆخوازەكانی ئێران ناسراوە، پێشنیازی كردووە لەبەرامبەر پشتیوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕاپەرینەكانی ژینا ئەمینی لە ئێران، نۆكەندی هورمز بەڕووی هاتووچۆی نێودەوڵەتی بە تایبەت كەشتییە بازرگانی و نەوتییەكان دابخرێت.
حسێن شەریعەت مەدار، سەرنووسەری ڕۆژنامەكە لە بابەتێكدا ئاماژەی بە ئەوەداوە، داخستنی نۆكەندی هورمز بەڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتییەكان بەڕووی وڵاتانی خۆرئاوادا مافێكی یاسایی ئێرانە.
دەشڵێت، تەنانەت دەتوانین دەست بەسەر بەشێكی بارە بازرگانییەكانیشیاندا بگرین، ئەوەش بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ماددیانەی بەر وڵات كەوتوون بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە.
ئەوەش یەكەمجار نییە، ئەو ڕۆژنامەیە پێشنیاری داخستنی نۆكەندی هورمز بكات، لەو كاتەوەی بەر لە سێ مانگ بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزەوە لەسەر دەستی پۆلیسی ڕەوشت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆرینەی شارەكانی ئێرانیان گرتووەتەوە.
نۆكەندی هورمز لە كەنداوی عەرەب لەنێوانی پارێزگای هورمزگان لە ئێران و میرنشینی دووبەی لە ئیمارات هەڵكەوتووە، بە ڕێڕەوێكی ئاوی گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت كەبەشێكی گەورەی نەوتی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە.