ئەمڕۆ پارێزگاری نەینەوا نەجم جبوری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سودانی کرد و واژۆی لەسەر کرا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوای قبوڵ کرد و واژۆی لەسەر کرد، هاوکات سوپاسی نەجم جبوری کرد بۆ ئەو هەوڵ و ماندوبوون و تێکۆشانانەی بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکە ئەنجامی داوە،
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست خەڵک کەوتووە ، جبوری لە نامەکەیدا نوسیوویەتی ، “بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی ڕێکارەکان و بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانی بۆ هەڵسەنگاندن و دادپەروەری بەهۆی دەنگ نەدانی پەرلەمانی عێراق، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23583)ی ساڵی 2023، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش بە بەردەمتان دەکەم”.
نەجم جبوری، لە دوای ئازادکردنی موسڵ و پارێزگای نەینەوا، بووە پارێزگار و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، بوژانەوەی پارێزگاکە و بە تایبەت شاری موسڵ وەک دەستکەوت بۆی هەژماردەکرێت و هەر لەبەر ئەمەشە سودانی سوپاسی تایبەتی کرد.