کەشناسی پێشبینی دەکات بە هۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما دابەزێت و وێڕی باران بارین، بەفریش لە ناوچە سنوورییەکان ببارێت.
بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان لە تەواوی ناوچەکەمان هەور دەبێت لەگەڵ باران بارینى پچڕ پچڕ.
ڕوونیشیکردەوە کە لە سەنتەرى پارێزگاکاندا ئەگەرى باران بارینى کەم هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان دابارین مامناوەند دەبێت بە تایبەتى لە شەودا، هاوکات ئەگەرى بەفریش هەیە لە سەر هەندێ ناوچەى شاخاوی سنوورى.
سەبارەت بە سبەینێ دووشەممەش ڕایگەیاند، لە ئەنجامی زیادبوونى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاستدا، باران بارین لەسەر ناوچەکەمان زیاتر دەبێت و بەفریش بەشێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەگرێتەوە و گەرما 3-5 پلە نزم دەبێتەوە.
بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوە ئەوەشی خستەڕوو کە لە زۆربەى ناوچەکانى پارێزگاکان پچڕ پچڕ باران دەبارێت، هەندێ ناوچە ئاستى دابارینی زیاتر دەبێت وەک بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، لە ئێوارە و شەویشدا کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان چالاکتر دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 14 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 13 پلەى سیلیزى
دهۆک : 12 پلەى سیلیزى
کەرکووک : 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 15 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 14 پلەى سیلیزى