گەندەڵییەکی گەورە لە ساختەکردنی پسوڵەی گومرگیی ئاشکرا دەبێت و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار پسوڵە لە دەروازەی بەندەری ئوم قەسری بەسڕە ساختە کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیان لە دۆسیەی ساختەکردنی پسوڵەی گومرگیی لە دەروازەی باکووری بەندەری ئوم قەسر دەرکەوتووە کە بە بەهای 689 ملیۆن و 940 هەزار دینار پسوڵە ساختەکراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ساختەکارییە تەنها لە مانگەکانی کانوونی دووەم، ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵدا کراوە.
دەستەکە ڕاشیگەیاند، کۆی گشتی بەهەدەردانی ماڵی گشتی و ئەو ساختەکارییەی لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی 2023 لە دەروازەکەدا کراون گەیشتە دوو ملیار و 20 ملیۆن و 147 هەزار دینار.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە 19 فەرمانبەری یەکەی گومرگی بەندەری ئوم قەسریان بە تۆمەتی تێوەگلان لە ساختەکارییەکە دەستگیرکردووە.