ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان



 

سەرچاوەكانی هەواڵ لە هەرێمی كوردستان باس لە ڕاگیرانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، دوای ئەوەی كاریگەری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تیمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دژی یەكدی دوو ڕاگەیەندراویان لەبارەی بڕیاری بەغدا بۆ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

بەڕای شارەزایانی سیاسی، ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەجۆرێك كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بە گەیشتنی ناكۆكییەكان بەپەڕلەمانیش ئەوە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی كاریگەر دەبێت بە ئەو ناكۆكییانە و مەترسییەكانی دووئیدارەییش زیاتر دەبن.

یەكێتی و پارتی ناكۆكییەكانیان لەسەر چەند پرسێكی وەك دەسەڵات و ئیدارە، دارایی و ئابووری، سەربازی و ئەمنین، هەرچەند هەردوولا خواستی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانیان بۆ یەكدی نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە چارەسەر بەشێوەیەكی كرداری.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پەڕلەمانی كوردستان هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانە.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، چارەسەركردنی گرفتەكان پێویستیان بەكاتە، پێشبینی دەكەین پێش هاتنی سەری ساڵ پەڕلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و ڕێكارەكانی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەنێو پەڕلەمانی كوردستان، بڕیارە بكرێن، تەواو بكرێن.

چەند سەرچاوەیەك باس لە ئەوە دەكەن، دانیشتنەكانی پەڕلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییەوە ڕاگیراوە، بەڵام سامان ئەحمەد ڕەتیدەكاتەوە و دەڵێت، پەڕلەمان هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی لایەنەكانە و بەشێكە لە چارەسەری كێشەو گرفتەكان.

لەلایەكی دیكەوە شێرزاد مامە، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەی ڕاستەوخۆی پارتی لەگەڵ یەكێتییە لەسەر بابەتی حوكم و فۆڕمی سیاسی، تا ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر پڕۆسەی سیاسی پێكنەهاتوون، هەڵبژاردن دوادەخەن و تەمەنی پەڕلەمانیان درێژ كردەوە.

دەشڵێت “ناكۆكی سیاسی لە هیچ ناكۆكییەكی دیكە ناچێت، كاتێك دوو لایەن دەگەنە لوتكەی ناكۆكییەكان بێ‌ ئومێد دەبن، بۆ ئەوەی هەناسەیەك بدەن و سینەی خۆیان بەتاڵ بكەن، دێن سەردانی لایەنەكان دەكەن”.

سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی ئەو چاودێرە دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی ئێستا هەن بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان ئەو دوو حیزبە هەنگاوی باش و ئەرێنین، لەوە باشترە لە میدیادا قسە بە یەكتر بڵێن، دابەشكردنی چوار وەزارەتەكەی عێراق دوو بە دوو دەستنەرمكردنی هەردوولایە.

دەشڵێت، بەپێی ئەزموونی نێوانیان، پارتی و یەكێتی پێویستییان بە هیچ لایەنێك نییە نێوەندگیرییان بكات، شێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەو جۆرەیە كە ئەو كۆدانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان تەنها لەلای یەكێتی و پارتییە.

ڕوونیشیكردەوە، پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی وەكو یاری مشك و پشیلە وایە، هەر لایەنێكیان دۆخیان باش بێت و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەهێز بێت فشار لەلایەنەكەی دیكە دەكات.

ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان قوربانی زۆریان داوە، جیهانیش بەهۆی شەڕی ڕووسیاوە بە دۆخێكی مەترسیداردا دەڕوات پێویستە یەكێتی و پارتی بە شێوازێكی نوێ‌ بیر بكەنەوە.

 

هاووڵاتییەكی كورد لە كەركوك دەكوژرێت
پێت هاووڵاتییەكی كورد لە كەركوك دەكوژرێت
بانكی وەبەرهێنانی مەنسوور بەردەوامە لە بردنەوەی خەڵاتەكان
دوات بانكی وەبەرهێنانی مەنسوور بەردەوامە لە بردنەوەی خەڵاتەكان
پەیوەنیدر