وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات “لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی” بۆ پاراستنی کوردستان لە هەڕەشە و گرژییەکانی ناوچەکە ڕێکبکەون و دەڵێت، “ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت”.
ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆرانی کرد و لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ، شاندەکەی یەكێتی سەردانی هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش بکات.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی یەکێتی، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکاراکرد و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسە سیاسی، ئەمنی و کارگێڕییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
دلێر عەبدولجخالق باسی لەوەشکرد، “بابەتی بودجە و کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو”.
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، “هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە و ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بکرێت”.
دلێر عەبدولخالق وتی، لەگەڵ یەکێتی باسیان لەوە کردووە “چۆن بتوانین هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی لەو هەڕەشە و گرفتانە بەشێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە بپارێزین و، کورد نەبێت بەشێک لە پارێزبەندی لەنێوان ئەو ململانێییانەی کە هەیە.”
وتیشی، “لەرێگەی ستراتیژییەکی نیشتمانی دەبێت لە بەغدا و لە ناوچەکە هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە بە وتەی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان “ئێستا دۆخی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە لە بەردەم مەترسیدایە و حیکمەت ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ ئەوانەی لەنێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و ئەوانەش کە ئۆپۆزیسیونن پێکەوە لەسەر ستراتیژیەتییەکی نیشتمانی ڕێکبکەوین”.