مامۆستایان سبەینێ لە بەغدا چی دەکەن؟


سبەینێ مامۆستایانی ناڕازی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا و لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، هاوکات لەگەڵ لیژنەیی دارایی و پەروەردەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبنەوە، کێشە و گرفتی مووچەخۆرانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، مامۆستایانی ناڕازی لە دوای داواکەرییەکەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، “تا چارەسەڕی ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە درێژە بە بایکۆت ناڕەزایەتیەکان دەدەین”.

هاوکات دوێنێ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، “رۆژی یەکشەممە لە دادگای باڵای فیدراڵی دەبین بۆ بەرگریکردن لە ژیان و گوزەرانی هەمووان، هاوکات رۆژی دووشەممە، لە ١٣ شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان لە شەقام دەبین و وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە کە نابەرپرسانە داوای دەوامکردنی بێ مووچە دەکەن”.

 

سبەینێ مامۆستایان دەچنە بەغدا؟

ئەمڕۆ بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “بەیانی مامۆستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمەوە دێنە بەغدا و لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، بە مەبەستی گەیاندنی ئەو نا دادی و مافخورانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر مووچەخۆران ئەنجامدەدرێت”.

وتیشی، “ئێمە چەند مامۆستایەکین پێشوەختە هاتووین بۆ بەغدا و سەرقاڵی ئامادەکارییەکانین بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێ و پێشوازی لەو هاوڕێیانەمان دەکەین کە لە هەرێمەوە بە مەبەستی خۆپیشاندان دێنە بەغدا”.

سەبارەت بە ئامانج و مەبەستی چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا بەرهەم مستەفا ڕوونیکردوە، “مامۆستایان پێکەوە بە هەماهەنگی دابەشبووین بەسەر چەند گروپێکدا کە بەشێکمان سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکەین، لەسەر دواکەوتن و خواردنی چەند مووچەیەکی مووچەخۆران، داواکردنی گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان”.

باسی لەوەشکرد، “بەشێکی دیکەمان لەگەڵ لیژنەی پەروەردەیی و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، سەرجەم پلان و بەرنامەکانمان لە پێناو بەدیهێنانی خواستی مامۆستایاندایە”.

بەرهەم مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی مامۆستایانی خۆپیشاندانەکەی سبەینێی بەغدا جێگەی خۆشحاڵی دەبێت، چونکە ڕێگەی بەغدا بۆ هەرێم چەند کاتژمێرێکە و ئاسان نییە تا هەموو مامۆستایان بتوانن ئامادەببن، بەڵام مامۆستایانی بەشداربوو لە بەغدا نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی هەرێم دەکەن و خواست و داواکارییەکانیان دەگەیەنن، هاوکات گوزەران، دۆخ و ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.

ناوبراو جەختی لە خەباتی مەدەنیانەی مامۆستایان کردەوە و ڕایگەیاند، “هەوڵەکانی مامۆستایانی ناڕازی ئەنجامی هەبووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت دەنگی مامۆستایان گەیشتووە، بەڵام خەباتی مەدەنی پێویستی بە ماندووبوون هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ئێمەش لەسەر داواکردنی ماف و داواکارییەکانمان بەردەوام دەبین”.

بەرهەم مستەفا لە کۆتایی قسەکانیدا داوایکرد لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کە سبەینێ پشتیوانی خۆپیشاندانی مامۆستایان بکەن، هەروەها ئاسانکاریان بۆ بکەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هێرش کرایە سەر بارەگاکانی “هەسەدە”
پێشت هێرش کرایە سەر بارەگاکانی “هەسەدە”
سیاسەتەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکان دەگۆرێت
دواتر سیاسەتەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکان دەگۆرێت
پەیوەندیدار