دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پچڕاند، هاوکات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بەهۆی مامەڵەکانی لەگەڵ هەمان کۆمپانیا ئاگادارکرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکەدا هاتووە، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەران وەزارەتی پەیوەندییەکانی پابەندکرد بە وەستاندنی سەرجەم پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کۆڕەک لە ئێستادا و کات بدات بە کۆمپانیاکە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەو بڕە پارانەی کە قەرزارە و دڵنیابوون لە دانەوەی قەرزەکانی بە حکومەت.
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، چونکە بەردەوام بووە لە پەخشکردنی ڕیکلامەکانی تایبەت بە کۆڕەک تیلیکۆم.
لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕێنمایی هەردوو کۆمپانیای مۆبایلی ” ئەسیر ” و “ئاسیاسێڵ”ی کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم ببڕن.
عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن، ڕۆژی ٣٠ی نیسان ڕایگەیاند، بڕیارێکی دادوەری “کۆتایی و پابەندکەر”ی لە بەرژەوەندی کۆرەک تیلیکۆم بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە گەنجینەی دەوڵەتی عێراق.
هاوکات سەرەتای مانگی ئایار، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ئەو بڕیارەی بە ناڕەوا لەبەرچاو گرت کە لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراقەوە دەرچووە، بۆ غەرامەکردنی کۆمپانیاکە بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.
دوای تەواوبوونی مۆڵەتی کۆمپانیاکە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵات ٤ بڕیاری لە دژی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم دەرکرد، کە بەم شێوەیەن:
* ڕاگرتنی فرۆشتن و بازرگانیکردن لەگەڵ کۆڕەک
*دەسەڵاتی پەیوەندییەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکات هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆڕەک تیلیکۆم نەکڕن.
*دەسەڵات دڵنیایی داوەتە بریکار و بنکەکانی فرۆشتن کە هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن یان بازرگانی پێوە ناکەن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاسایییان لەگەڵ دەکرێت.