پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی دەربارەى ڕەزامەندى حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە بۆ خەرجکردنی 14 ملیار دینار بۆ هەولێر، لەسەر بودجەى فریاکەوتنى عێراق.
ئەمشەو پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دواى ئەوەى لە مانگى ئادارى ئەمساڵ لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێرى پایتەخت، پارێزگارى هەولێر، پڕۆژە پلانێکى بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، بە گوژمەی (14 ملیار دینار) ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە چەندین پڕۆژەى جۆرا و جۆرى تایبەت بە چارەسەرکردنى گرفتی کەم ئاوی و مەترسیەکانی لافا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە خۆگرتبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەبارەت بە هەمان پرس ڕۆژى 2023.11.13 لە بەغدا بەسەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانی عێراق چوارەمین کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای نیشتمانی ئاو بە بەشدارى شاندى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، کە تەوەرێکى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنە ڕووى پڕؤژەکەى هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر پوختەیەکى لەو پڕۆژانە و کاریگەرییەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا و ئەو پلان و ڕێگا چارەسەریانەى هەن لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژانەى ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرابوو خستەڕوو، جەختى لەسەر هەموو ئەو بابەتانەش کردەوە کە لەسەر دۆخی هەولێر و کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و لێکەوتە و مەترسیەکانی کەمى ئاو ڕووبەڕووى هەولێر بۆتەوە، بەخۆشحاڵیەوە لیژنەى ناوبراو بەکۆى دەنگ پڕۆژەکەى هەولێریان پەسندکرد و ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى عێراقیان کرد بۆ دەستکردن بە ڕێکارى دیکە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە هەمان ڕۆژدا پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر ئەوپڕۆژانە، پشتگیرى مەسرور بارزانی بۆ زەرورەتى جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە 2023.11.21، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە نووسراوى ژمارە (56997) کە ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق کراوە، ڕەزامەندی دا لە سەر تەرخانکردنى بودجەى پێویست بە خەرجکردنى (14 ملیار دینار) لەسەر بودجەى فریاکەوتنى عێراق بۆ هەولێر بۆ دەستکردن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەجێبەجێبوونى ئەو پڕۆژانە کە تایبەتە بە لێدانی ژمارەیەک بیری تازە، دروستکردنى ژمارەیەک پۆند و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکانی ئاو، بەشێکى دیکە لە پلانەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا لە پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکات.