وتەبێژی بارەگای بارزانی لهبارهى سوننەکان و شوێنگرهوهى حەلبوسی ڕایگەیاند، ” تا ئێستا لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هاوکات مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە کۆدەنگی هەبێت”.
خالیدە خەلیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی بۆ میدیایەکی نزیکی پارتی ڕایگەیاند، “پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان مافی پێکهاتەی سوننەیە، مهسعود بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە هەر كاندیدێك كە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، پێویستە كۆدەنگی یان ڕەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سوننەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی لەسەربێت”.
وتیشی، “هەر پارتێکی سیاسیی سوننی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەیە و تا ئێستا لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لە کاتێکدا گرنگە لایەنە سوننەکان پێش دەستپێکردنی دەنگدان لە هۆڵی پەرلەمان لەسەر ناوی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕێکبکەون”.
ئەوەشی خستەڕوو، ” ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوەختە نەبێت، بابەتەکە لەناو هۆڵی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، لەبەرئەوەی زۆرینەی پەرلەمان لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگی و شیعەکاندایە و ئەوکات ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی سوننەکاندا نابێت”.
هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١٤ تشرینی دووەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی “ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی” ئەندامێتیی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە.