بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی تایبەت ئەنجامبدات سەبارەت بە سكاڵایەكی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، لەلایەن ژمارەیەك لە مووچەخۆرانەوە تۆماركراوە.
هاوکات سكاڵاكە بە ژمارە (٢٤٧/ فیدراڵی/٢٠٢٣) لەلایەن ٩ مووچەخۆری هەرێمی كوردستانەوە تۆماركراوە و دادگاكەش رۆژی یەكشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی بۆ تاوتوێكردنی دیاریكردووە.
لە کاتێکدا سكاڵاكە لە دژی جێبەجێنەکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ژمارە (٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨) لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی تۆمارکراوە.
داوادەكەن دادگای فیدراڵی، حکومەتی ھەرێم پابەندبکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بە تایبەت ماددەکانی (٦، ٧، ٨ و ٩)، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.