لە ئەنقەرە پێاوێکی تەمەن ٧٢ ساڵ، کە پێشتر چەند جارێک ناڕەزایی بەرامبەر دراوسێکەی سەروو نهۆمەکەی خۆی دەربڕیووە و وتوویەتی دەنگەدەنگ زۆر دەکەن، دەستی داوەتە تفەنگ و پێنج کەسی ئەو خێزانەی کوشتووە، کە دووانیان منداڵن.
پیاوە بەتەمەنەکە پێشتر چەندجارێک دەمەقاڵێی لەگەڵ دراوسێکەی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەی کردووە و گلەیی و گازندەی ئەوەی کردووە کە ئەو ماڵە دەنگەدەنگ زۆر دەکەن و بێزاری دەکەن، ڕووداوەکە درەنگی شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی سینجانی سەر بە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕوویدا.
ئەوەخراوەتەڕوو پیاوە بەتەمەنەکە بە تەنیا دەژی، شەوی ڕابردوو بە هەمان ناڕەزاییەوە دەچێتە سەرەوە و جارێکی دیکە دەمەقاڵێ دروستدەبێت. دەمەقاڵێی نێوان ئەو دوو دراوسێیە زیاتر دەبێت و پیاوە بەتەمەنەکەش تفەنگەکەی هەڵدەگرێت و دەستڕێژ لە دراوسێکەیان دەکات و پێنج کەسیان دەکوژێت کە دووانیان منداڵن.
بەگوێرەی زانیاریی تیمەکانی پۆلیس، کوژراوەکانی خێزانەکە بریتین لە داپیرەیەکی تەمەن ٧١ ساڵ، باوکێکی تەمەن ٤١ ساڵ، دایکێکی تەمەن ٤٠ ساڵ و دوو منداڵی ١١ و ١٣ ساڵان.
دوای ڕوودانی ڕووداوەکە پیاوە بەساڵداچووەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراو و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیرا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی رابردوو، لە سێ هەزار و ٩٨٤ حاڵەتی شەڕکردن لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئەنجامدا دوو هەزار و ٢٧٨ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٢٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون. زۆربەی تاوانباران بۆچوونیان وایە، لەڕێی چەکەوە پارێزگاری لەخۆیان دەکەن. بە گشتی لە ٨٥٪ی شەڕەکاندا چەک بەکارهاتووە.