سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان كەم دەبیتەوە، قائیمقامیەتی پێنجوێن-یش دەڵێت: “بەهۆی نەبەستنی پێوەری زیرەك لە سیستمی كارەبای قەزاكە بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ماوەی 6 كاتژمێر كارەبای قەزای پێنجوێنی كەمكردوەتەوە”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە هاووڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و پێنجوێن نیگەرانی لە كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی دەردەبڕن، باس لەوەش دەكەن، “زۆر جار بەشەو لەكاتی خەوتن تاوەكو بەیانی كارەبا دەكوژێتەوە”.
لای خۆشیەوە، قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەك ئاگادارن لەبەرواری 26ی مانگی (تشرینی یەكەم/10) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و كۆتنرۆڵی كارەبای سلێمانییەوە ڕۆژانە بۆ ماوەی 6 كاتژمێر كارەبای سنوری پێنجوێن دەكوژێننەوە بەهۆكاری نەبەستنی (پێوەری زیرەك).
ڕاشیگەیاندووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و مامۆستایانی ئاینی و بەرپرسانی فەرمانگەی کارەبا و دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکارییان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، فەرمانگەی کارەبای پێنجوێن ڕوونکردنەوەی پێویستیان دا لەسەر باشی و خراپییەکانی پێوەری زیرەک، جەختیشیان کردەوە لەوەی پێوەری زیرەک کۆنتڕۆڵی زیادەڕەوی سەرتۆڕەکانی کارەبا دەکات.
قائیمقامیەتی پێنجوێن دەشڵێت: “لەو ڕوانگەیەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و بوونی کارەبای بەردەوام لەسنوری قەزای پێنجوێن دا وەک ئیدارەی قەزای پێنجوێن داوایان لە بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی کرد تیمەکان بنێرن بۆ بەستنی پێوەری زیرەک، بەڵام پێیان ڕاگەیاندین کەپێوەرییان نەماوە بینێرن بۆ پێنجوێن بەم هۆکارەیش درێژەییان بەکوژاندنەوەی کارەبای قەزاکە داوە”.
ئاشكراشی كردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەو زیاتر چەندین جار پەیوەندییان بەلایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد وەک نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بریکاری وەزیری کارەبا، بەڕێوبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم، نووسینگەی وەزیری کارەبای هەرێم، نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووری، بەڕێوبەری گشتی کارەبای سلێمانی و بەڕێوەری کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی.
قائیمقامیەتی پێنجوێن جەختیشی كردۆتەوە، بەڵام هەتائەم ساتەش چارەسەری کێشەی کوژاندنەوەی کارەبای پێنجوێن نەکراوە، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیادەکەنەوە درێغی ناکەن لەهەوڵەکانیاندا، هیوادارن لەماوەیەکی نزیک دا چارەسەرەی بنەڕەتی کێشەی کارەبای پێنجوێن بکرێت.