ئەردۆغان جەنگی هەڵبژاردنەكانی دەستپێكرد



 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە بەهەموو هێزیەوە شەڕ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی 2023 دەكات، دوای شكسهێنان لە هێرشی سەر ڕۆژئاوای كوردستان، لەناوخۆی توركیا جەنگێكی نوێی دەستپێكرد، ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ تاكە ڕكابەرەكەی ڕەوانەی زیندان دەكات و پارتە كوردییە كاریگەرەكەی ئۆپۆزسیۆنیش ڕەوانەی دادگا دەكات بە ئامانجی داخستنی، ئەوەش بۆ ڕێخۆشكردن بۆ بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار بۆ خولێكی دیكە.

دادگای توركیا تۆمەتی سووكایەتیكردنی بە بەرپرسانی وڵاتەكەی بەسەر ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵدا ساغكردەوە و بەپێی بڕیارەكە ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ و نیو زیندانی دەكرێت و لەو ماوەیەشدا كاری سیاسی لێ قەدەغەدەكرێت.

ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵە، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو لە دواین هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكانی توركیا دوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان و سكاڵای دەسەڵات لە هەڵبژاردنەكان دواجار گەیشتە كورسی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ.

دوای ساڵانێك مانەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە دەستی پارتی فەرمانڕەوا “پارتەكەی ئەردۆغان”، بەڵام ئۆغلۆ توانی لە دەستی دەربێنێت.

دەگوترێت شارەوانی ئیستەنبوڵ لای هەر پارتێك بێت، ئەوا ئەو پارتە توركیای بردووەتەوە، كاتی خۆیشی ئەردۆغان لە كورسی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵەوە گەیشتە كورسی سەرۆك كۆمار.

تا ئێستا ئەردۆغان هەرچەندە هاووڵاتییەكی زۆری وڵاتەكەی لێی نیگەرانن بەتایبەت لە پرسی ئابووری و هەڵاوسان و دەستوەردان لە وڵاتان، بەڵام ڕكابەرێكی بەهێزی بۆ دروستنەبووە.

تاكە ڕكابەری ئەردۆغان تائێستا ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆیە، بۆیە هەر لە بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵەوە، ئەردۆغان كەوتە گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی، بەتایبەت كە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان جگە لە هەدەپە بە نیازن بەكاندیدێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی 2023 بكەن، تاكە كاندیدی بەهێزیشیان ئۆغلۆیان پێشنیازكردووە.

هەرچەندە ئۆغلۆ بە پشتیوانی هەدەپە و كورد بووە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ، بەڵام ئەمجارە هەدەپە بە نیازە بەكاندیدێكی ژن بەشداری هەڵبژاردنەكانی توركیا بكات.

ئەردۆغان كە خۆی ئاستی جەماوەری ڕووی لەدابەزین كردووە و ئەگەری دەرچوونەوەی لاواز بووە بەپێی ڕاپرسییەكان، هەدەپە و ئۆغلۆ وەك دوو لەمپەر لەپێش خۆیدا دەبینێت.

لەبەر ئەوە ئەردۆغان، ئەكرەم ئۆغلۆ لەكونجی زیندان تووند دەكات تادوای هەڵبژاردنەكان و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو دادگا دانیشتنی خۆی ساز بكات لەسەر داخستنی هەدەپە.

چاوەڕێدەكرێت هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا لە حوزەیرانی 2023دا چارەنووسساز بن بۆ ناوخۆی توركیا و باكووری كوردستان، كورد و ناوچەكە بە گشتی و گۆڕانكاری لە هاوكێشەكاندا بێنێتە ئاراوە.

باران بارین بەردەوام دەبێت
پێت باران بارین بەردەوام دەبێت
ئێران لە كۆمسیۆنی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەركرا
دوات ئێران لە كۆمسیۆنی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەركرا
پەیوەنیدر