ئەمڕۆ لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی وەزیری پەروەردەکرد و داوایان کرد لەسەر ماف و بەرژەوەندییەکانی خوێندکاران ڕوونکردنەوە بدات.
لە کاتێکدا دوێنێ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە دڵنیای بە خوێندکارانی قۆناغی ١٢ ی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دا، ماف و بەرژەوەندییەکانیان نافەوتێت و قەرەبوویان بۆ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایانکرد لە وەزیری پەروەردە ڕوونکردەوە بدات کە بە چ شێوازێک مافی خوێندکاران نافەوتێت و ڕایانگەیاند، داوادەکەین لە وەزیری پەروەردە بۆمان ڕوونبکاتەوە کە بە چ شێوازێک مافی خوێندکاران پارێزراوە.
ئاماژەیان بەوەکرد، ساڵنامەی خوێندن تەنها ٢٤ ڕۆژی خوێندنی وەرزی یەکەمی ماوە و زیاتر لە ٦٥ بۆ ٧٠ ڕۆژی خوێندن فەوتاوە، لە کاتێکدا پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی ١٢ بە نزیکەی ٧٠ ڕۆژ تەواو ناکرێت، ئەمە فشارخستنە سەر خوێندکار و ماندوو کردنی دەروونییەتی.
وتیشیان، پێویستە بەرچاوڕوونی بە خوێندکار و مامۆستا بدرێت، چونکە لە ئەگەری دەستکاری کردنی ساڵنامەی خوێندن و درێژکردنەوەی ماوەی خویندن، پێویستە مامۆستاین ئاگاداربکرێنەوە تا فشارنەخەنە سەر خوێندکاران و لە ماوەیەکی کورتدا پڕۆگرامی خوێندن تەواونەکەن.
هاوکات خوێندکاران ڕایانگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، کاتژمێر ٩:٣٠ لە بەردەم پەروەردەی گشتی و بە ڕێپێوان بەرەو پەروەردەی ڕۆژئاوا بەڕێدەکەون.