نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازی نامه‌یه‌كی بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده نارد و ڕایگەیاند، له پێنج داواكاری سه‌ره‌كی مامۆستایان سێ داواكاریان جێبه‌جێكردنی له ئه‌ستۆ حكومه‌تی هه‌رێمه، ئه‌وانیش پله به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران، دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ و چاره‌نووسی مووچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان.
عادل حه‌سه‌ن، نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازی له نامه‌یه‌كدا كه ئاڕاسته‌ی ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی كردووه ڕایگه‌یاند، ” له زۆرێكی لێدوانه‌كاندا ده‌ڵێی مووچه و شایسته داراییه‌كانی مامۆستایان له ئه‌ستۆی به‌غدایه، به‌ڵام من داواكارییەکم له به‌ڕێزتان و كابینه‌كه‌تان هه‌یه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ركی به‌غدا به‌رامبه‌ر مامۆستایان و مووچه‌خۆران دیاری بكه‌ن، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی خۆتان به‌رامبه‌ر مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم جێبه‌جێبكه‌ن”.
ئاماژەی بەوەکرد، “له کۆی پێنج داواكاری سه‌ره‌كی مامۆستایان جێبه‌جێكردنی سێ داواکارییان له ئه‌ستۆی به‌ڕێزتان و حكومهتهكهتانه ئه‌وانیش: پله به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران، دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ و دیاریکردنی چاره‌نووسی مووچه به‌ناو پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان”.
عادل حه‌سه‌ن ئەوەشی خستەڕوو، “هیوادارین به‌ڕێزتان و حكومه‌تی هه‌رێم له به‌رپرسیاریه‌تیتان به‌رامبه‌ر مامۆستایان چیتر بێ باك و خه‌مسارد نه‌بن و ئه‌م سێ داواكارییه جێبه‌جێبكه‌ن، کە دوو له‌و داواكارییانه بۆ ته‌واوی هێزه سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كان جێبه‌جێكراون، ئه‌وانیش پله‌به‌رزكردنه‌وه و دامه‌زراندنن “.