عەبدولواحید محەمەد – نوسەر و مامۆستا
یابانیەکان دواى ئەوەى لە شەڕى جیهانى دووەم، بە وێرانکارییەکى تەواو لە هەموو ڕووێکەوە دەرچوون، کەوتنە بیرکردنەوە بۆ ئەوەى لەچیەوە دەست بە ئاوەدان کردنەوە بکەن، بۆ ئەو مەبەستە کۆڕ و کۆبوونەوەى زۆریان ئەنجامدا، لە یەکێک لە کۆڕەکان وێڕای قسە و باسى زۆر، پیاوێکى بەساڵاچوو بەهەردوو دەستى منداڵێکى ساوای بەرزکردەوە ، ئەوانیش ئەو دیمەنە سەرنجى ڕانەکێشان و گوێیان پێنەدا، وایانزانى بۆ سواڵکردنە، لە درێژەى کۆڕەکانیان جارێکیتر هەمان دیمەنیان بینیەوە، ئەمجارەیان وتیان با بپرسین بزانین مەبەستى ئەو پیاوە چیە؟
ئیتر لێیان پرسی وتیان فەرموو چیت هەیە؟ لە وەڵامدا، پیاوەکە وتى هەموو ئەوانەى ئێوە باسی دەکەن وابەستەیە بە پەروەردە، لە پەروەردەوە دەستپێبکەن، هەموو شتێک باش دەبێت، وتەى ئەو پیاوە زۆر سەرنجى ڕاکێشان، دواجار کردیانە ستراتیژى خۆیان، بەکرداریش دەستیان بە هەنگاوەکان کرد، بێگومان ئەوەشیان لا جێگیربوو، بۆ ئەوەى پەروەردەیەکى باش بکرێت، دەبێت مامۆستاى باش و لە خەمڕەخساو هەبێت.
بۆیە بڕیاریاندا کار بەو دروشمە بکەن، مامۆستا دەبێت ژیانى وەزیر و شکۆى ئیمپراتۆرى هەبێت، تا ئەم ساتەش هەندێک ڕێوڕەسم هەیە بۆ رێزگرتن لەمامۆستا ئەنجامى دەدەن، وەک پێ شوشتنى مامۆستا، لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە، ئەوە کۆمەڵگەی یابانى گەیاندە ئەو ئاستە بەرزە کە کەس نیە لەسەر ئەم زەمینە پێى نەزانێ.
ئاشکرایە هەرێمى کوردستانیش هەتا ڕاپەڕین سەرخان و بن خانى لە هەموو ڕووێکەوە وێران ببوو، بە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونەی یابان دەبوو دواى ڕاپەڕینى ئادار، یەکەم هەنگاو لە پەروەردەوە دەستیان پێبکردبا، کە نەیان کرد و ئەوەى بەلایانەوە گرنگ نەبوو پەروەردە و مامۆستا بوو، بە بەڵگەى ئەوەى یەکەم توێژ کە بێ نازکرا مامۆستایان بوون، ئەوەیان قسە و باسی زۆرى دەوێت، لە کات و ساتى خۆیدا هەمووى دەوروژێنم، ئەوەى من دەمەوێت زۆر جەختى لەسەر بکەمەوە، ئەو واقیعە زۆر تاڵ و تفتەیە کە لە ئێستادا تێى کەوتوین.
هەرگیز گوێ بیستى ئەوە نەبووینە، لە وڵاتان ٦٠ ڕۆژ پەروەردە ڕاگیرابێت، ئاخر ڕاگرتنى پەروەردە واتە ڕاگرتن و پەکخستنى ژیان، ئاساییە ڕۆژێک دوو ڕۆژ، بەڵام نەبووە و نەکراوە ئەو ماوە دوور و درێژە پەروەردە ڕابگیرێت و بەئاسایى وەربگیرێت، هەرگیزیش نەبووە نزیکەى ٧٠ هەزار مامۆستا لە دەوامدا نەبن، کەچی خەمێکیان لێ نەخورێت، ئاساییە ڕێپێوان و خۆپیشاندانى بەرفراوان بکرێت، ئەوە پێدراوێکى یاساییە و مافێکى مەدەنییانەیە، ئەوەى ئاسایی نییە حکومەت و لایەنى پەیوەندیدار خەمى لێ نەخۆن و بەهانایانەوە نەچن و لایەک لە داخوازیەکانیان نەکەنەوە.
من دڵنیام ئەوەى لێرە ڕوودەدات زۆر جیاوازە لە هەموو جیهان، پێدەچێت ئێمە لە ئەستێرەیەکى دابڕاو بین، دەنا دەبوو لەو ماوەیە دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە بکرابا، بۆ چارەسەرکردنى ئەم دۆخە نەخوازراوە ، من نازانم ئەوانەى بەرپرسیاریەتیان لەئەستۆدایە چۆن چۆنى بیردەکەنەوە، خۆزگەم ئەوە نەبێت ئەوەى دەوترێت، مادام لە دەڤەرێک پەروەردە ئەگەر چی وەکو پێویستیش نییە بەردەوام بێت، ئیتر لەو دەڤەرەى نییە با نەبێت، ئەوەیان بە یەکجارى نیشانەى بێ هەستى و بێ سەوادیە.
بەرامبەر بە ئێستا و داهاتوى ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە، لەوەش خراپتر ئەوەى لەسەر ئەرزى واقیع ڕۆژانە دەیبینین و دەیبیستین، کێشەى پەروەردە و مامۆستایان بۆتە کاڵا، بازاڕى سیاسی پێ گەرم دەکەن، دەیان و سەدان بەیت و بالۆرە لەلایەن بەیتخوان و بالۆرە لێدەرەکان دەبیستین، دواجار خۆیان دەکەنە سوپەرمان و واى دەخەمەڕوو چارەسەر لاى ئەوانە، ئاخر پەروەردە و مامۆستا کەى هى بازاڕى سیاسی و مەرامى بۆگەنى ئەم سەردەمە بێ سەروبەرەیە.
پەروەردە بۆ کۆمەڵگەیە، بۆ ئێستا و داهاتوە، کێ گەرەنتى ئەوە دەکات ئەوانەى بەو شێوەیە بیردەکەنەوە تا سەر بیخۆن، ئەوە نییە مێژوو شتى چاک و خراپمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەوەشمان پێ دەڵێت، بەزەیی و خۆشنودى بۆ کێ دەخوازرێت، نەفرت و زبڵدانى مێژووش بەر کێ دەکەوێت.
عیبرەت وەرگرن چیتر پەروەردە بێناز مەکەن، عیبرەت وەرگرن چیتر مامۆستا ئازار مەدەن، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر شتێک بۆتان بمێنێتەوە و شانازى پێوەبکەن، پەروەردەیەکى باش و مامۆستاى لەخەمڕەخساو دەبێت کە هەتا ئێستا نەتانکردووە، بە پێچەوانە هەرچی هەتان بێت ناکاتە یەک چرکەسات کە مێژوو بە هەردوو دیو بۆتان بنوسێتەوە، لەخستنە ڕووى راستى ئەم شرۆڤەیەم بەرپرسیارم لە داهاتوودا، ئەوەى هەیە و پێم پێویستە بۆ پەروەردە و ژیانی مامۆستایان، لەسەر هەموو لایەک دەینوسم و ڕایدەگەیێنم .