د.مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کردنەوەی بەشی منداڵانی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ئامارەکانی یونیسێفی بۆ منداڵان ڕاگەیاند.
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد: “بەشی منداڵان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە هاوکاری یونیسێف دەکەینەوە، لە ڕێگەی داتابەیسێکەوە منداڵان بە پێی ئاستی خوێندن، کۆمەڵایەتی و تەندروستی دابەشدەکەین، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحوکمییەکانی دیکەش بۆ پاراستنی مافی منداڵان کاردەکەین و گرنگی بەو منداڵانە دەدەین کە لە چاکسازییەکان لەگەڵ دایکیاندان”.
د.مونا یاقۆ، ئامارەکانی یونیسێفی تایبەت بە عێراق ڕاگەیاند و وتی: ” ٩ لە کۆی ١٠ منداڵ بێبەشن لە خوێندن، ٪٧ منداڵانی تەمەن ٥ بۆ ١٧ ساڵان کاردەکەن، عێراق لە پلەی ١٥٤ دایە لە کۆی ١٥٦ وڵات کە جیاوازی لە نێوان ڕەگەزی منداڵ دەکات”.
وتیشی: “بە پێی ئامارەکانی دادگا یەک لە کۆی چوار کچی منداڵ هاوسەرگیری دەکات، لە ماوەی ساڵێک ٥ هەزار و ١٢٩ کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ گرێبەستی هاوسەرگیریان بۆ کراوە”.
هاوکات پاراستنی منداڵان لە ڕووی یاساییەوە وەک پێویست نییە لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە توندوتیژی و دەستدرێژییەکان بۆ سەر منداڵان ڕوو لە زیادبوونن، لە کاتێکدا منداڵان بە چینێکی لاوازی کۆمەڵگە دادەنرێن و بەرکەوتەی زیاتری زیانەکان دەبن.
ڕۆژی جیهانی پاراستنی مافی منداڵان دەکەوێتە ٢٠ تشرینی دووەم، پاش ڕاگەیاندنی جاڕنامەی مافی منداڵان لە ساڵی ١٩٥٤، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی پاراستنی مافی منداڵان دیاریکراوە.