وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی مامۆستایان دەكات و هیوای سەركەوتن بۆ خوێندكاران دەخوازێت بەهۆی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمەوە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، جگە لە پۆلی یەکەم و دووەمی باخچەی منداڵان و پۆلی ئامادەکاری پێنج ساڵە و پۆلەکانی (١ و ٢ و ٣)ی بنەڕەتی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ چوار شەممە (١،٣٠٤،٦٧٨) خوێندكار لە هەرێمی کوردستان لە خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندنیان دەست پێکردووە.
ڕاشیگەیاندووە، پێشتر لە فەرمانێکی وەزاریدا دەسەڵاتی تەواومان دا بە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان، كە خوێندكاری پێکهاتەکانی (ئێزیدی و کریستان) یان هەیە خشتەی تاقیکردنەوەکانیان بە جۆرێک ڕێکبخەن، کە ڕەچاوی جەژن و بۆنەکانی ئەو پێکهاتانە بکات .