بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمیشە شوێنێكی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی كردنتان.
ئەمڕۆ دوو شەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا كۆبووەوە، كە بۆ بەشداریكردن لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ كرا.
سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا، كە هەرێمی كوردستان قوربانییەكی زۆری لەپێناو مافەكانی داوە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات.
وتیشی، “هەرێمی كوردستان هەمیشە شوێنێكی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی كردنتان”.
بۆریس جۆنسن جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆكەوانیی راستەوخۆی نێوان هەولێر و لەندەن كردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی بەریتانیای كرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی كوردستان و تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم كردەوە لەپێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەكەدا.