بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی دیكەی باران بارین لە هەفتەی داهاتوودا ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە سبەینێشەوە پلەكانی گەرما بۆ سفری سەدی دادەبەزن.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەم شەپۆلەی ئێستا بە شێوەی مام ناوەند لە زۆرێک لە ناوچەکان بەردەوامی هەبێت و زیاتر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات بگرێتەوە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی چڕ و لە ناوچەکانی دیکەش بە شێوەی ناو بەناو تا درەنگانی ئەمشەو یاخود بەرەبەیانی سبەینێ سێ شەممە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەیە لە هەندێک ناوچە بەهۆی زۆری شێ و دابەزینی پەستانەوە دووبارە هەورەکان چڕ ببنەوە و باران ببارێت لە ڕۆژی سێ شەممەدا و پێشبینیم وایە بارانی چڕ زیاتر ناوچەکانی سنوری ئیدارەی سۆران و باکوری دهۆک و ئیدارەی راپەڕین و باکوری ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن بگرێتەوە، کە هەموویان ناوچەی شاخاوین.
وتیشی، “لە سبەی شەوەوە پێشبینی دابەزینی بارستە هەوایەکی سارد دەکەم بۆ ناوچەکانی کوردستان بە گشتی و ناوچە شاخاوییە سنورییەکان بەتایبەتی، کە لە بەرەبەیاندا پلەی گەرما دێتە خوار سفری سیلیزی، تەنانەت بەنمونە ئەگەر هەیە لە پارێزگای سلێمانی و بەشێکی بازیان و شارباژێڕ و پێنجوێن پلەکانی گەرما لە سفری سلیزیدا بن یاخود بێنە خوار سفر”.
ئاشكراشی كرد، دوا بە دوای ئەم شەپۆلە پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکە دەکەم لە ماوەی ٢٦-٢٨ی ئەم مانگەدا، کە سەرچاوەکەی دەریای ناوەڕاستە.