وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بەغدا ٧٠٠ ملیار دیناری سێیەم دەنێرێت. دەشڵێت،” بە گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین”.
ئەمڕۆ دووشەممە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەغدا ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە دەنێرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە گەیشتنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە لە بەغداوە، لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ حکومەتی عێراق لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ناردن و پێدانی پارە بۆ سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ.
باسی لەوەش کرد، لەدوای ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە، بەدوای چارەسەرێکی ریشەییەدا دەگەڕێن بۆ چارەسەری کێشەی مووچە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی عێراق.