“ئیسڕائیل چەکی فسفۆری سپی لە کەرتی غەززە بەکارهێناوە”



 

فسفۆری سپی چییە و چۆن لە شەڕدا بەکاردێت؟

سووتانی توند و قووڵ تایبەتمەندی ئەو برینانەیە کە لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە حەوتی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە هاتوونەتە ئارا.

 

لەمبارەیەوە دکتۆر محەمەد حەواجرە، ڕێکخەری پزیشکی پزیشکانی بێ سنوور بە(بی بی سی)ی ڕاگەیاندووە، زۆربەی برینەکانی سووتاوی لە نەخۆشخانەکانی غەززەدا، پێویستیان بە نەشتەرگەری گەورە ورد هەیە، کەمیی مەڵهەم و کەرەستەی پزیشکی پێویستیش، دۆخێکی خراپی تەندروستی دروستکردووە.

 

ڕێکخەری پزیشکی پزیشکانی بێ سنوور، هۆکاری ئەو سوتانانەی دیاری نەکردووە، ئایا هۆکاری بەکارهێنانی فسفۆری سپی یان چەکی ترەو دەڵێت؛ ئەوەی تێبینیمان کردووە زۆرێک لە بریندارەکان برینێکی قوڵ و سووتانێکی توندیان هەبووە، هۆکاری ئەوەش کە ناتوانین جۆری ئەو چەکە دیاری بکەین دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە ئەوەندەی خەمی چارەسەرکردن و هاوکاریکردنی بریندارەکانمانە جارێکە لە خەمی جۆری چەکەکەدا نین.

 

ئایا ئیسڕائیل لە شەڕی سەر غەززە دا، بۆمب و چەکی فسفۆڕی سپی بەکارهێناوە؟

هەرچەندە سوپای ئیسڕائیل بەکارهێنانی فسفۆری سپی لە غەززە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستیانکردەوە کە بەڵگەی بەکارهێنانی فسفۆری سپییان لە غەززە و باشووری لوبنان لەبەردەستدایە.

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە گێڕانەوە لە لێدوانەکانی سوپای ئیسڕائیل، ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتی بەکارهێنانی فسفۆری سپی لە لایەن سوپای ئیسڕائیلەوە لە غەززە “هەڵەیە”، بەڵام ڕەتینەکردۆتەوە کە ئەو چەکە لە لوبنان بەکارهاتووە.

 

هاوکات ئەحمەد بن شەمسی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، “ئێمە بەڵگەمان لەسەر بەکارهێنانی فسفۆری سپی لەلایەن ئیسڕائیلەوە تۆمارکردووە، لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووان لە غەززە، ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی جەنگە، “لایەنە شەڕکەرەکان دەبێت هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی نەکەنە ئامانج.”

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ڕابردوو هیومان ڕایتس وۆچ بڵاویکردووەتەوە، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بە پشتبەستن بە تۆمارە ڤیدیۆییە پشتڕاستکراوەکان و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە “هێزەکانی ئیسڕائیل فسفۆری سپییان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا ، لە 10 و 11ی ئۆکتۆبەردا لە لوبنان و غەززە بەکارهێناوە”.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ڤیدیۆکاندا چەندین تەقینەوەی فسفۆری سپی دەردەکەون کە لە تۆپەکانەوە بەسەر بەندەری شاری غەززە و دوو ناوچەی گوندنشین بەدرێژایی سنووری ئیسڕائیل و لوبنان تەقێنراون”.

 

هاوکات ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەڵگەی لەسەر بەکارهێنانی بۆمبی فسفۆری سپی لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە لە ناوچە نیشتەجێبوونە چڕەکان لە غەززەدا بەڵگەدار کردووە و دەڵێن؛ سوپای ئیسڕائیل جیاوازی لە نێوان هاووڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی سەربازیدا ناکەن و ئەمەش لە یاساکانی جەنگدا جێی نابێتەوە.

 

فسفۆری سپی چییە و کاریگەرییەکەی چییە؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی فسفۆری سپی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “ماددەیەکی کیمیاییە کە هەندێک جار زەرد یان بێ ڕەنگ دەردەکەوێت، بۆنێکی هاوشێوەی سیری هەیە، و لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ ئۆکسجین زۆر بەخێرایی دەسووتێت”، بەڵام ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە “چەکێکی کیمیایی نییە”و وەک “فاکتەرێکی سووتێنەر” کاردەکات، نەک لە ڕێگەی کاریگەرییە کیمیاییەکەیەوە لە پرۆسەی بایۆلۆژیدا.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، فسفۆری سپی لە پلەی گەرمی زیاتر لە 30 پلەی سەدی لەخۆوە دەسووتێت، و بەردەوام دەبێت لە سووتان، سووتاندنی فسفۆر دووکەڵی چڕ بەرهەم دەهێنێت کە تێکەڵێک لە ئۆکسیدی فسفۆری تێدایە.

 

شرۆڤەکاری سەربازی مامون ئەبو نەوار دەڵێت، ڕەنگە فسفۆری سپی بە چەکێکی کیمیایی هەژمار بکرێت بەپێی ڕێژەی فسفۆری سپی کە لە چەکەکەدا بەکارهاتووە، بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕوونی دەکەنەوە کە فسفۆری سپی وەک چەکێکی کیمیایی پۆلێن نەکراوە، بەڵکو ”تەنها دەبێتە هۆی برینداربوونێکی قورس و ترسناک کاتێک بەرکەوتەی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا دەبێت”.

 

ئەم بۆچوونانە لەکاتێکدایە، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC) کە ڕێکخراوێکی ئەمریکییە دەڵێت، فسفۆری سپی مادەیەکی ژەهراوییە.

 

بەپێی وتەی شارەزایەکی سەر بە هیومان ڕایتس وۆچیش مەبەست لە بەکارهێنانی چەکی فسفۆری سپی بڕیار نییە زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت، تەنها بەکارهێنانی بۆ “تەمومژاویکردنی ئامانجەکانە لە کاتی شەڕدا، بەڵام بەکارهێنانی قەدەغە دەبێت کاتێک بەسەر ناوچە دانیشتووەکاندا بێت، ئەمە زیانێکی زۆری دەگەیەنێت و ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر ترسناک لە دەوروبەردا دەخاتەوەو ” لە ئەندامەکانی جەستەشدا کاریگەری قوڵ و خراپ بەجێ دەهێڵێت کاتێک فسفۆر بچێتە ناو خوێنەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت؛ پرۆتۆکۆڵی سێیەمی ڕێککەوتننامەی چەکی ئاسایی، بەکارهێنانی چەکی سووتێنەری ئاسمانی لە ناوچەی چڕیی مەدەنیدا قەدەغە دەکات.

 

چەکی فۆسفۆری سپی کاریگەری ھەیە لەسەر کۆئەندامە جیاوازەکانی مرۆڤ و لەسێ ڕێگەوە دەتوانێت لە لەشی مرۆڤدا ھەڵبمژرێت؛

– لەڕێگای پێستەوە کەسووتاویەکی قووڵ دروست دەکات و ھەندێک جار برینێک یان سووتاویەکی کەم دەبێتە ھۆی مردن .

– لەڕێگەی کۆئەندامی ھەناسەو ھەڵمژینەوە .

– لەڕێگایی کۆئەندامی ھەرس و خواردنەوە .

 

چی بەسەر جەستەدا دێت کاتێک بەر فۆسفۆری سپی دەکەویت ؟

فسفۆڕی سپی لەھەوادا بڵاودەبێتەوەو دەبێتە ھۆی سوتانێکی زۆر کاتێک بەر پێست و چاو دەکەوێت، ھەروەھا ئەو دوکەڵەی دروستی دەکات، دەبێتە ھۆی ناڕەحەتکردنی چاوەکان و بۆری ھەناسەو سییەکان، جگە لەوەی کاریگەریی ھەیە لەسەر کۆئەندامی ھەرس.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران مامۆستایەکی ئایینییان لە بۆکان دەستبەسەر کرد
پێت هێزە ئەمنییەکانی ئێران مامۆستایەکی ئایینییان لە بۆکان دەستبەسەر کرد
داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکەن
دوات داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکەن
پەیوەنیدر