بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی بەخوڕی باران بارینەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر و بەشێكی زۆری شەقام و بازاڕ و كۆڵانەكانی هەولێر لافاو دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێریش لە ڕاگەیاندراوێکدا چەند رێکارێکی خۆپارێزی بڵاوکردەوە.
هاوكات، لە بازاڕی تەیراوەی هەولێر ئاو چووەتە نێو دووکانەکانەوە.
رێكارەكانی خۆپارێزی لە كاتی روودانی لافاو:
١-لافاوی خێرا گەشە دەكات چاوەڕێ مەكە تا ئاو بەرز دەبێتەوە و دەستبەجێ لە ناوچە نزمەكان دوربكەونەوە و ئەگەر شۆفێری دەكەیت لەو شەقامەنەدا كە لافاویان تێدا دروست بووە شۆفێری مەكە و هەوڵبدە ئەو ناوچانە بگریتە بەر كە ئاراستەی رێگاكانیان لە لافاو پارێزراوە.
٢-پارەی نەختینە و دەرمان و پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی و جل و بەرگ پۆشاكی پێویست لەگەڵ بەڵگەنامە گرنگەكان بە پارێزراوی بهیڵەوە و ئەو شوێنانە دیاریبكە كە دەتەوێت لە ئەگەری لافاودا بۆی بڕۆیت.
٣- هەوڵبدرێت كەسێكی پەیوەندیدار دیاری بكرێت كە ئەگەر ئەندامانی خێزانەكەت جیابوونەوە، بتواندرێت پەیوەندی پێوە بكرێت بۆ هاوكاری كردنیان.
٤-ماددە مەترسیدارەكان (وەك بۆیاخ، ڕۆن، قڕكەر و پێداویستی پاككردنەوە) دوور بخەرەوە لە شوینە نزمەكان لە ماڵەكەتدا یان بیان گوازەرەوە بۆ شوێنی بەرزتر.
٥- دەرچەی هەواگۆڕكێ بۆ ژێرزەمینەكان دابخە بۆ ڕێگریكردن لە لافاو كۆبونەوەی ئاو لە ماڵەكەتدا وە دوور بكەوەرەوە لەو شوێنانەی كە پێشتر لافاویان لێ دروستبووە و هەوڵ مەدەن بەو شوێنانەدا تێ پەڕبن.
٦- دوور بكەوە لە هێڵەكانی كارەبا و وایەری كارەبا و كێبڵە بارگاویەكان و دەستبەجێ شوێنەكەچۆڵ بكە و بۆ گیرخواردوان و رزگاركردنیان كەرەستەی گونجاو بەكاربێنن ئەگەر تواندرا شتێك فڕێ بدەن بۆقوربانییەكە كە یارمەتی بدات لە دەست پێ گەیشتن و سەلامەتی ، وەك تایەی یەدەگ، یان پەتێكی بەهێز.
٧- لەكاتی پێشبینی روودانی لافاودا چاودێری هەواڵەكان بكە تا خیراتر ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی بڵاوبونەوەی لافاو بیت لە ناوچەكەتدا و لە پێناو سەلامەتیت تەواوی یەكە كارەباییەكانی ناو ماڵەكات بكوژینەوە.
٨- لە كاتێكدا پێشبینی ئەگەری لافاو دەكرێت پێویستە خۆت لە ناوچە نزمەكان بەدوربگریت و ئەگەر تەڕ بوویت یان لەناو ئاودا وەستابوویت دەست لە هیچ كەرەستەیەكی بارگاوی و كارەبای مەدە و تەواوی یەكە بارگاوییەكانی ماڵەكەت بكوژینەوە.
٩-هاوڵاتیان پێوسیتە لە ئەگەری دروست بونی لافاودا بە خێرای پەیوەندی بكەن بە ژمارە (١١٥_١٢٥) ـی ژووری فراگوزاریەوە تاكو بە زووترین كات بتواندرێت تیمەكانی بەرگری شارستانی بگەیەندرێتە ناوچەكە.