موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان بەنیازە ڕێكاری “خێرا و یەكلایی كەرەوە” بگرێتەبەر، لەبارەی تەنگژەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
بەپێی تویتێك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن مەندەلاوییەوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكرایەوە”بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و بەرگرتن لە كاردانەوەی نەرێنی لەسەر بازاڕەكانی عیراق، ڕێگری پێویست لەلایەن ئێمە و سەرۆكی حكومەت و بانكی ناوەندییەوە دەگیرێتەبەر، ڕێكارەكانیش خێرا و یەكلایی كەرەوە دەبەن بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی دۆلار”.
بەزبوونەوەی نرخی دۆلار، كاریگەریی گەورەی لەسەر ڕەوشی ئابوری هاووڵاتیان دروستكردووە، ئەمەش وادەخوازێت ڕێكاری حكومی و پەرلەمانی بگرێتەبەر، بۆ ڕێگرتن لە هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دیناری عیراقی.
ئەمڕۆ چوار شەممە، لەكاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 152 هەزار 500 دیناری عیراقی مامەڵەی پێوەكرا، ئەمەش بە نرخێكی پێوانەیی دراوەكە دادەنرێت بەرامبەر بە دیناری عیراقی، لەكاتێكدا بانكی ناوەندی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 146 هەزار دینار دەفرۆشێت.