بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ئاشکرای دەكات، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە لە سەنتەری شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکرێت و هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی پێ دەدرێت.
ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، بڕیارە لە 26ی ئەم مانگەوە لەسەنتەری شار لە هەولێر دەست بە دەبەشکردنی نەوتی سپی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە، هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی بە 103 هەزار و 500 دینار پێدەدرێت.
وتیشی: تا ئێستا لە سنووری هەولێر 39 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە، ناوچە شاخاویەکانیش ئێستا بۆتە دووبەش، بەشێکی مەسیف، هەریر و شەقڵاوە تەواو بووە و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆرانیش زۆرینەی تەواو بووە و تەنها بەشێکی مێرگەسۆر و ڕەواندز ماوە، لە سۆرانیش دەستپێکراوە، بۆیە پرۆسەکە زۆر باش و بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نرخی نەوتەکە بە 105هەزار دینارە.
ئاشكراشی كرد، ئەو نەوتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابینی کردووە و بەنرخێکی هەرزانتر لەوەی کڕیویەتی بە هاووڵاتییان دەدرێتەوە.