ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئیسپانی دەڵێت، كەریم بنزیما هێرشبەری ڕیاڵ مەدرید، خەریكە لەسەفەركردن بۆ قەتەر نزیكدەبێتەوە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو.
بنزیما بەر لە دەستپێكردنی مۆندیال تووشی پێكان هات، ڕاهێنەری “كەڵەشێرەكان”یش گەیشتە ئەو بڕوایەی لە پاڵەوانێتییەكە دووربخرێتەوە، بەبێ ئەوەی یاریزانێكی تر لەجێگەیدا دابنرێت.
بەپێی ڕۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی، بنزیما مۆڵەتی لەلایەن ڕیاڵ مەدریدەوە پێدراوە، تا بچێتە یاریگای “لۆسێل” كە یاریی كۆتایی مۆندیالی تێدا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها نوسیویەتی”یاریزانەكە سەرپشكە لە بڕیاری سەفەركردن بۆ قەتەر، بۆ پشتگیریی هاوڕێكانی لە یارییەكە، بنزیما میدالی زێڕین وەك پاڵەوان وەردەگرێت، گەر فەرەنسا بگاتە یاریی كۆتایی و یارییەكە بباتەوە، بەوهۆیەی ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسادایە”.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە دوابڕیاری بنزیما كردووە كە ڕەنگە لە دوای یارییەكەی ئەمشەوی نێوان فەرەنسا و مەغریب بێت، تا بڕیار بدات سەفەر بكات بۆ قەتەر و لەگەڵ هاوڕێكانی ئاهەنگ بگێڕێت بە بۆنەی گەیشتنیان بە یاریی كۆتایی.
دوێنێ شەو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی كرواتیای بردەوە و گەیشتە یاریی كۆتایی مۆندیال.