وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە گەشبینن بە سەردان و گفتوگۆكانیان لە بەغدا و دەشڵێت: “بە هەوڵی شاندی حكومەتی هەرێم بەغدا بڕیاری دا 200 ملیار دینار بۆ دوو مانگ بنێرێت”.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی، كە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، چوونیان بۆ بەغدا بۆ داكۆكی كردن بووە لە بودجە و پشكی هەرێم لەكاتێكدا ئامادەكاری دەكرێت بۆ پەسەند كردنی بودجەی ساڵی داهاتووی فیدڕاڵی.
ئاشكراشی كرد، بەشێكی هۆكاری سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و ئەو ناكۆكیانەی پێشتر هەبوون لەسەر داهات و خەرجی بەتەواوی چارەسەرمان كردن و كێشەی میلاكمان چارەسەر كرد و میلاكات جێگیر كرا بەهۆی پەسەندكردنی لەلایەن چاودێری دارایی هەرێم و عێراق.
ڕاشیگەیاند، ئەنجامی كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و ئەمجارە بەراورد بە جارەكانی دیكە تاڕادەیەكی زۆر گەشبینترین و ئەنجامی گفتوگۆكان بەدڵی هاووڵاتیان دەبێت و وتیشی، “ڕێكەوتووین لە نووسینەوەی ماددەكانی بودجە ئێمەش ئامادەبین”.
وتیشی، “هەوڵی زۆرمان داوە بابەتی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مسۆگەر بكەین و بە هەوڵی شاندەكەی هەرێم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پارەی دوو مانگ بۆ هەرێم بنێرێت”.