ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخی دۆلار گۆڕاکاری بەسەردا هات و نزیکەی ٤٠٠ دینار لە بەهاکەی بەرز بووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٥٨ هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا ئەو نرخە گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ ٤٠٠ دینار لە بەهاکەی بەرزبووەوە و نرخەکەی گەیشتە 158 هەزار و 900 دینار.
لە دوای رێککەوتنەکەی ئەبوزەبی یەکەم کاروانی دۆلاری کاش بە گوژمەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دروستکرد و نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٥ هەزار دینار.
بەڵام ئەمڕۆ جارێکی تر بەهای دۆلار بەرزبووەوە و شارەزایانی ئابووری هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ ئەو رووداوانەی کۆتایی پەرلەمانی عێراق دەگێڕنەوە، کە لە دوو رۆژی رابردوو دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق محەمەد حەلبووسی لە ئەندامێتی پەرلەمان دوورخستەوە.
لە یەکەم کاردانەوەی دوورخستنەوەى حەلبوسى لە پەرلەمان، حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی بڕیاریدا وەزیرەکانی لە کابینەی حکومەت بکشێنێتەوە و پەرلەمانتارەکانیان بایكۆتی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش بكەن.