نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتیانەی وانەبێژان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان بۆ ( خەڵک ) وتی، یەك شەممە ڕێکەوتی 19 ی 11 ی 2023 خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتیانەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەولێر لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران کاتژمێر 10:00 ی بەیانی دەستپێدەکات ،
ئاماژەی بەوەشداوە، لە پێناو داواکردنی مافی سەرەتاییمان کە دامەزراندن و بوون بە ھەمیشەیی وانەبێژانە ، لە پێناو گەڕانەوەی ڕێز و شکۆ بۆ مامۆستا ، لە پێناو نەھێشتنی چینایەتی ، لە پێناو بەرەو پێش چوونی سلکی پەروەردە ، لە پێناو بە یەك چاو سەیرکردن لە ماف و ئەرك دا ، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین کە (دامەزراندن)ــە ،
عەلی ڕەئووف داوای لە سەرجەم وانەبێژان کردووە ئامادەبن، دەڵێت”مەردبن ئامادەبن بۆ مافی خۆتان ، ماف نادرێ ، دەسەنرێت “.
بڕیاربوو ئەمساڵ لە 9/13 دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەرووی قوتابیان و خوێندکاراندا بکرێتەوە، بەڵام مامۆستایان لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم ئەو ڕۆژەیان کردە ڕۆژی بایکۆت و ناڕەزایەتی دەربڕین، بەردەوام هەفتانە زیاد لە جارێک خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داواکارییان هەیە، کە ئەوانیش دامەزراندنی وانەبێژان و پێدانی دوو مووچە بەیەکەوە و دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران.