ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین كاتدا، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكاتەوە و دەشڵێت: “مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیەكان بەبێ دواكەوتن ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێت تاكو دواتر حكومەتی فیدراڵی لێ ئاگاداربكرێتەوە”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 11/15، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم لە ڕۆژانی 12-13 /11 سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆك وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم كورتەیەكی دەربارەی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و شاندی حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ، كە ماوەی چەند ڕۆژێك لە هەولێر بوون، خستەڕوو.
جەختی لەوە كردەوە، كە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین كاتدا، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵیش پەلە بكەن لە تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە.
دواتر ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پێشوازی و پشتیوانیكردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنی دانووستانەكان لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كە ئەم پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكان دەكات و بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی كەوتووە، لە هەمان كاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد، كە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆكانیان بەردەوام بن.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، پێشنیاری چەند وەزارەتێك سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆیان خرایەڕوو ، كە ڕێژەیەك لە داهاتەكانیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەزارەتەكانیان و خزمەتگوزارییەكان بەكاردەهێنرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پەرەپێدان و ڕێكخستنەوەی سیستمی دارایی و ژمێریاریی لە هەرێم كردەوە، بەجۆرێك كە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەكانی خەرجیی دوور لە بیرۆكراتی و ڕووتین، هەروەها گرنگیی پەرەپێدانی بە دیجیتاڵكردنی مامەڵە و خزمەتگوزارییەكان بە ئاراستەی پێشكەشكردنی ئاسانكاریی و دەستكردنەوە وتواناداركردنی دامەزراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەرك و خزمەتگوزارییەكان، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەو ڕێژە داهاتی گەڕاوەی وەزارەتەكانیان، لە چوارچێوەی سیستمێكی دارایی وژمێریاریی پێشكەوتوو، هەر لەم پێناوەشدا، وەزارەتەكان ڕاسپێردران كە هاوكاری و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی وئابووری بكەن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بۆردی باڵای دارایی گشتی ڕاسپارد، كە ڕێكاری پێویست سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 219ی ئەنجومەنی وەزیران بگرنەبەر، هەروەها پێویستە مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیەكان بە بێ دواكەوتن ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێت تاكوو دواتر حكومەتی فیدراڵی لێ ئاگاداربكرێتەوە بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی مانگانەی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتاییدا بابەتی داواكاری ئەو فەرمانبەرانەی، كە بە بێ مۆڵەتی خوێندن، بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و تا ئێستا بڕوانامەكانیان بۆ هەموارنەكراوەتەوە لەلایەن ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیرانی پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو .
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوەی سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ هاندانی فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا و برەودان بە بەرزكردنەوەی توانای پیشەیی و ئەكادیمیی كارمەندانی كەرتی گشتیی بە پێی پلانی پەسەندكراوی وەزارەتەكان، بڕیاریشیدا، كە لیژنەیەكی تایبەتمەند لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت، بۆ پۆڵێنكردن و هەڵسەنگاندنی حاڵەتەكانی ئەو بڕوانامانەی، كە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و كارگێڕی و دارایی و یاساییەوە هەڵبسەنگێنرێن و دواتر دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەكە ، بخرێتە بەردەم كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران تاكوو بڕیاری كۆتایی لێ بدرێت.