بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوتنییەكان، ئیسرائیل بیر لە بەکارهێنانی “بۆمبی ئیسفەنج -فۆم” دەکاتەوە بۆ هەوڵدان بۆ داخستنی ئەو تونێلانەی بزووتنەوەی حەمماس، كە لە ژێرزەمینەکانی کەرتی غەززە هەڵیکەندوون.
بۆمبی ئیسفەنجی چییە؟
وەك ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، ئەم بۆمبانە لە ڕاستیدا هیچ ماددەیەکی تەقینەوەیان تێدا نییە، بەڵام “لە ڕێگەی کارلێکی کیمیاییەوە تەقینەوەیەکی لەناکاوی کەف دروست دەكات، کە بە خێرایی فراوان دەبێت و دواتر ڕەق دەبێت”.
ڕۆژنامەی (لۆفیگارو)ی فەڕەنسی بڵاویكردۆتەوە، ئەم چەکە نوێیە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن ئیسرائیلەوە پەرەی پێدراوە و سەربازانی سوپای ئیسرائیل بینراون کە “لە کاتی مەشق و ڕاهێنانەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ئەم ئامێرانەیان جێگیرکردووە” کاتێک سوپای ئیسرائیل تۆڕێکی تونێلی ساختەی لە بنکەی سەربازی زیعلیم دانا لە نزیک سنووری غەززە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەم کەف “فۆم”ە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی ئەو تونێل و بۆشاییانە دادەخرێن، كە چەکدارانی حەمماس دەتوانن لێیەوە دەربچن.
“كابووسی ژێرزەمینی”
دوابەدوای هێرشەکەی حەمماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک هەوڵیدا ژێرخانی سەربازی، کە لە ژێر کەرتی غەززەدا هەڵکەندرابوو، لەناوببات، كە تۆڕێکی نهێنی و پەیمانگای جەنگی مۆدێرن لە ئەکادیمیای سەربازیی ئەمریکا (وێست پوینت) بە “کابوسێکی ژێرزەمینیی” وەسفی کرد.
ئەو تونێلانە درێژییەکەیان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆمەتردایە، تا قووڵایی نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ مەتر هەڵکەندراوە و دەتوانرێت ئامرازی پێشکەوتووی پەیوەندی و ڕووناکی و تەنانەت هەواگۆڕکێی تێدابێت.
یەکەیەکی تایبەتی ئیسرائیلی دامەزرا بۆ گەڕان بەدوای ئەو تونێلانەدا بە بەکارهێنانی کەرەستەی تەکنەلۆژی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەستەوەر، سیستەمی بینینی گەرمی و هتد، ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا چەند جارێک هەوڵی داوە ئەو دامەزراوانە لەناوببات بە تەقاندنەوەیان یان بەکارهێنانی بولدۆزەر، بەڵام بزووتنەوەی حەمماس توانی هەموو جارێک ئاوەدانیان بکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەكە، “بۆمبی ئیسفەنجیی” ئەمجارەیان سوودێکی سەربازی گەورە بە ئیسرائیل دەبەخشێت، ئەویش ئەوەیە کە “سیستەمی فۆمی فراوانبوو” ئەو شوێنانە پڕدەکاتەوە، کە دەگاتە دەیان مەتر سێجا، بەمەش تونێلەکان بۆ هەمیشە پڕدەكاتەوە.
ڕۆژنامە فەڕەنسییەكە ئاشكرای كردووە، ئەم “بۆمبانە” لە دوو شلە پێکدێن، کە لە یەک کیسەدا هەن و بە بەربەستێکی کانزایی جیا دەکرێنەوە، کاتێک فڕێ دەدرێنە ناو تونێلەکانەوە، ئەو دوو بەرهەمە تێکەڵ دەبن و کارلێکی کیمیایی دروست دەکەن، دواتر شەپۆلێکی کەف “فۆم” بڵاودەبێتەوە، بەڵام پێش ئەوەی فراوان بێت و ڕەق بێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی تونێلەکە ئەم شلانە نابنە هۆی تەقینەوە و بەم شێوەیە سنووردار دەبن، هەروەها بەرگەی ئاو و ماددە کیمیاییەکان دەگرێت و ناسووتێن.