ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی بەشێك لە وەزارەتەکان کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو.
ئەوەشی خستەڕوو کە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە داهاتی گەڕاوەی ناوخۆی هەندێك لە وەزارەتەكان و سیستەمی ژمێریاریی پەیڕەوكراو بۆ فەرمانگەكان.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای سەردانەکەی سێ ڕۆژییەکەی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق و شاندی باڵاوی وەزارەتەکەی بۆ هەولێر دێت کە تێیدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەکان تاوتوێ کرد.