وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، “سوورین لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەبارەی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكانیش دەگەینە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت”.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی هەرێمی كوردستمان كرد و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پرسی نەوت و گرێبەستی ئەو كۆمپانیا بیانییانە تاوتوێكران كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان شیكردنەوەی بۆ پرسی نەوت و گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان كرد و دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغداد تاوتوێی ئەو گرێبەستانە دەکەین.
وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوەشکرد، بەپێی یاسای بودجە پێویستە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكات و ئێمەش سوورین لەسەر بەرهەمهێنان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و هەوڵدەدەین بگەینە چارەسەرێك كە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت.