حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات بە فەرمی بڕیاریدا وەزیرەكانی لە حكومەت بكشێنێتەوەو پەرلەمانتارەكانیشی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بکەن
لە راگەیەندراوێکدا حزبی تەقەدوم سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت:” سەركردایەتی حزبی تەقەدوم لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریدا بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و دەستلەكاركێشانەوەی نوێنەرەكانی لە حكومەتی عیراق و بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی حزبەكەو دەستلەكاركێشانەوەیان لە سەرۆكایەتی و ئەندامییەتی لیژنەكانی پەرلەمان:”.
حزبی تەقەدوم، لە كابینەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سێ وەزیری هەیە كە ئەوانیش وەزیری پلاندانان، پیشەسازی و رۆشنبیری، هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش لەگەڵ حزبی سیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر هاوپەیمانییەكیان هەیە بەناوی هاوپەیمانیی سیادە، خاوەنی ٦٣ ئەندامن.