ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، داوای جێبەجێکردنی بڕگەیەکی کرد لە بودجە، کە حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
سەرکەوت شەمسەدین لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، “ناعەقڵانییە فەرمانبەرانی کوردە بەبێ مووچە بمێننەوە، لەکاتێکدا ژیان لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە وەستان و بازاڕەکان بەتەواوی ئیفلیج بوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕگەیەک لە بودجەدا هەیە کە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی لە پابەندبوونەکەی بپارێزێت”.
باسی لەوەشکرد، “دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نایانەوێت مووچەی فەرمانبەران بدەن و بیانگوازنەوە بۆ بەغدا، چونکە دەیانەوێت گەندەڵییەکانیان دەرنەکەوێت، ئەوان پابەندی خۆیان جێبەجێ ناکەن و سەرجەم داهاتەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکەن، هاووڵاتیانی کورد دەبنە قوربانی”.
بەپێی خشتەیەک کە وەزارەتی دارایی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، چەند ڕۆژێک دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب-یان وەرگرتووە، چارەنووسی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانیش بە نادیاری ماوەتەوە.