هەولێر؛ ١٩ بنکەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دادەنرێن



لە سنووری هەولێر حەوت بنکەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە دەنگەکانیان لەسەر پارێزگاکەیان هەژمار دەکرێت و ١٢ بنکەی سەربازییش لە پارێزگاکە دەکرێتەوە.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٥ پارێزگا بەبێ (هەرێمی کوردستان) ئەنجامبدرێت کە لە ڕۆژی یەکی تشرینی دووەمەوە، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستیپێکردووە.

بۆتان شێرکۆ، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەکارییەکان تەواو بوون بۆ ئەوەی ئەو ژمارە ئاوارەیەی نیشتەجێی هەولێرن بتوانن دەنگ بۆ پارێزگاکەی خۆیان بدەن، داواش لە دەنگدەران دەکات کە سەردانی بنکەکانییان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان.

وتیشی: ” ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەم مەبەستەش حەوت بنکەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان دەنگی خۆیان بدەن و دەنگەکەشیان لەسەر پارێزگاکەیان هەژمار دەکرێت هاوکات ١٢ بنکەی سەربازییش لە پارێزگای هەولێر دادەنرێت، بە گشتی ٤٩ وێستگەی دەنگدان لە هەولێر هەیە”.

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تەنیا بە کارتی بایۆمەتری دەبێت، بۆتان شێرکۆ وتیشی: “رۆژی ١٦ی کانوونی یەکەم، سەربازان و کارمەندانی کۆمیسیۆن لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، دەنگی خۆیان دەدەن، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین لە ئامادەکارییەکان و لەماوەیەکی کورتدا کارتی دەنگدان دەگاتەوە دەست دەنگدەران”.

لەبارەی ژمارەی دەنگدەران لە هەولێر، بۆتان شێرکۆ ڕایگەیاند، “بە گشتی ژمارەی دەنگدەران لە هەولێر بریتییە لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەر، بەڵام لەم پڕۆسەیە چونکە هەرێم تیاییدا بەشدارنابێت، بۆیە تەنیا نزیکەی پێنج هەزار ئاوارەی نیشتەجێی سنووری هەولێر بەشداری پڕۆسەکە دەکەن”.

پێشتر عیماد جەمیل، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، ٤٧ ھەزار و ٧٥٥ سندوقی دەنگدان دادەندرێن کە بەسەر حەوت هەزار و هەشت بنکەی دەنگداندا دابەش دەکرێن.

جێی ئاماژەیە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ئەنجامدراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام نەدراوە.

هەفتەی ڕابردوو یەک ملیۆن و ١٤٠ ھەزار کارت وەکو کاروانی یەکەم لە دەرەوەی وڵات گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و کارتەکان تایبەت بوون بە دەنگدەرانی ژمارەیەک ئۆفیسی پارێزگاکان، بڕیاریشە کاروانی دووەم ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم بگاتە عێراق و ڕۆژی ١٨ی مانگە لە ژمارەیەک لە ئۆفیسەکانی دیکەی پارێزگاکان دابەش بکرێت.

ژمارەی قەوارە و هاوپەیمانییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکە لە پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:

١٨ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای کەرکووک

٣٠ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای نەینەوا

١١ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای سەڵاحەددین

١٦ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای دیالە

٤٧ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای بەغدا

١٢ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای ئەنبار

١٣ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای بابل

١٩ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای بەسڕە

١٢ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای میسان

١١ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای کەربەلا

٩ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای موسەننا

١٤ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای نەجەف

١٠ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای قادسیە

١٧ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای واست

١٤ هاوپەیمانی و قەوارە لە پارێزگای زیقار

رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە تیایدا پێنج هەزار و ٩١٥ کەس بۆ ئەم ھەڵبژاردنە خۆیان بەربژێر کردووە.

لە هەولێر دەستدەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی
پێت لە هەولێر دەستدەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی
کرێکارێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
دوات کرێکارێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر