پەڕلەمانتارێکی پارتی دەڵێت؛ هیوادارم پشکێکی باش لەو ٤٠٠ ملیار دینارەی بەغدا، بەر پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەوێت کە زۆرترین رێژەی هەژاری و بێکارییان تێدایە.
لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، هێڤیدار ئەحمەد پەڕلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان دەڵێت؛ بەیاننامە و قسەی زۆر لەسەر ٤٠٠ ملیارەکەی بەغدا وەک مافێکی یاسایی هەرێم بڵاوکرایەوە، وەک ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان پرسیارم ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد، کە ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە بە بەڵگە ڕوونبکاتەوە.
دەشڵێت؛ کاتێک بەڵگە خرایەڕوو، یەکلای دەبێتەوە کە چۆن ئەم کارە کراوە و کۆتای بە هەموو قسەو بەیاننامەکان دەهێنرێت کە لەسەری بڵاوکراوەتەوە.
هێڤیدار نووسیویەتی؛ لە ٩/١١/٢٠٢٢ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (١٨١) دەرچوێندرا و ئیمزای “جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران”ی لەسەرە و لە شەش خاڵ پێک دێت کە چۆن تیمێکی حکومی دروست بکرێت و بۆ ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن، لەو بەڵگەیەدا باسی نەخشەڕێگای حکومەت دەکرێت کە لە مانگی شەشی ٢٠٢٢ پەسەندکراوە کە لەگەڵ بەغدا مفاوەزات بکەن لەگەڵ حکومەتی نوێ عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز محمد شیاع سودانی و
ناو و پۆستی ئەندامانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەو بەڵگەیەدا هاتووە.
لەکۆتایشدا هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت؛ هیوادارم ئەم بڕە پارەیەی لە بەغدا هاتووە، پشکێکی باش بەر پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەوێت، کە زۆرترین رێژەی هەژاری و بێ کاری لەو پارێزگایەدا هەیە.