شارەزایەكی كەشناسی زانیاری لەسەر هاتنی شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ و تەرزە بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی سێ شەممە 14/11/2023 لە ئەنجامی کاریگەری دۆخێکی ناسەقامگیری کەش و ھەوا ئاسمانی ھەرێمی کوردستان لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەکاتەکانی شەودا بەتایبەت درەنگانی شەو ناوبەناو لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا ھەورە بروسکە و رێژنە باران دەستپێدەکات.
ڕاشیگەیاند، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 1 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت 10-25کم لەكاتژمێرێكدا لە ئاڕاستەی باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە
ئاماژەی بەوەشكرد، لەناوچەکانی عێراق بە تایبەت سنوری ڕۆژھەڵات و ناوەڕاست و باشوور کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە زیاتر ئەبێت.
دەشڵێت: “سبەی شەو ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت، کە لەھەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی ئەوەش دەكات، “دوو سبەی ڕۆژی چوار شەممە 15/11/2023 کاریگەری بارانبارین و ھەورە بروسکە لەسەر ناوچەکانمان چالاکتر ئەبێت”.