هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە” كوژرانی 18 چەكدارو برینداركردنی 6 ی دیكەی لە گرووپەكانی سەر بە توركیای راگەیاند، لە كاتی هەوڵدان بۆ دزەكردن بۆ گوندەكانی باكووری گوندەواری حەسەكە و بەرەنگاربوونەوەیان لە لایەن هەسەدە لە هەفتەی راِبردوودا، هاوكات لە سنووری ئیدلب گرووپە چەكدارەكان لە دژی یەكدی هێز كۆدەكەنەوە.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەو كاتەوەی توركیا دەستیكردووە بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە 19 مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، گرووپە چەكدارە تیرۆرستییەكانی سەر به ئەنقەرە هەوڵیان داوە دزەبكەن بۆ گوندەكانی باكووری گوندەواری حەسەكە.
هێزەكانی توركیاو گرووپە چەكدارەكانی، بە شێوەیەكی نیمچە رۆژانه، گوندەكانی هەردوو شارۆچكەی تەل تەمرو زەرگان بۆردوومان دەكەن و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماددی گەیشتووەتە هاووڵاتیانی مەدەنی دانیشتووی ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكانی ڕووانگەی مافەكانی مرۆڤی سووریا، جارێكی دیكە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە سنووری ئیدلب سەریهەڵداوەتەوە و هەردوولا هێزی چەكداریان لە دژی یەكدی جوڵاندووە، ئەمەش دوای كۆتاییهتانی شەڕەكەی چەند هەفتەی ڕابردوویان بەنێوەندگیری توركیا.
ئەو گرووپە چەكدارانە كە بەشێكیان سەر بە رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەن لەسەر دەسەڵات و تاڵانی و دەستەبەسەرداگرتنی ماڵی كوردانی ناوچە داگیركراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان چەند جارێك بەشەڕ هاتوون و دەیان كەسیان لە یەكدی كوشتووە.