پارتی: لابردنی کورسی تورکمانەکان بۆ هەرێمی کوردستان خراپە



ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی یاسای هەڵبژاردنەکان پێیوایە لابردنی کورسی کۆتای تورکمانەکان بۆ هەرێمی کوردستان خراپە و پێشبینیش دەکات بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی دادگای فیدراڵی بە جۆرێك بێت کە یاسای هەڵبژاردنەکان بە نادەستووری وەسف نەکات.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت بڕیارێک دەربکات نەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردن، بۆیە ڕەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.”

عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت، “گەر دادگای فیدراڵی یاسای هەڵبژاردن بە نادەستووری ناوببات کەواتە یاساکە بە کەڵکی هەڵبژاردن نایەت. بۆیە ڕەنگە بڕیارێکی وا دەربکات گەر یاساکەش بە نادەستووری ناوببات، بڵێت پێویستە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان لە دانیشتنی یەکەمیدا هەمواری بکاتەوە، تا مەسەلەکە ڕێگر نەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا.”

فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

بڕیارە دادگای فیدراڵی عێراق، ڕۆژی 19 ی یازدەی 2023، بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی کۆبێتەوە و لە ئەگەری سەرکەوتنی سکاڵاکەدا ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ەوە دەبێت بە 105 و کۆتای تورکمانەکان نامینێت.

عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت: “لابردنی کورسی تورکمان بۆ هەرێم خراپە، چونکە ژمارەی تورکمان لە ئاشوری و پێکهاتەکانی تر زیاترە. گەر بوترێت ئاشوری کەمینەی ئاینییە، بەڵام کاتی خۆی لەسەر بنەمای نەتەوەیی کورسی کۆتایان بۆ دانراوە.”

هەروەها وتیشی،”لە عێراق لەسەر بنەمای کەمایەتی ئاینی کورسی کۆتا دانراوە، بەڵام لە ساڵی 1992 ئەوە چەسپێنراوە کە کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە هەرێم بۆیان هەیە لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵ بدەن نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمان هەبن.”

بڕیارە ڕۆژی 25ی شوباتی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە
پێشت سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە
هۆیەکانی ئازاری پشت لە ژنان و پیاواندا چین؟
دواتر هۆیەکانی ئازاری پشت لە ژنان و پیاواندا چین؟
ەیوەندیدار