وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە دوو ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیادكرا و بەم زووانە لەچوارچێوەی سەبەتەی خۆراكدا دابەش دەكرێت.
موسەننا جەبار، وتەبێژی وەزارەتەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، “پێشنیاری زیادکردنی پەنیر و شیری گەورەساڵان بۆ سەبەتەی خۆراک ڕەزامەندی لەسەر دراوە و بەم زووانە دابەش دەكرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەو پەنیر و شیرەی لە چوارچێوەی بەشەخۆراکدا دابەش دەکرێت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سەرتاسەری عێراقدا 325 ئاش کاردەکەن و ئەم ئاشانە توانای بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن تۆن ئاردی سفریان هەیە ساڵانە و هەروەها ئەو گەنمەی خراوەتە سایلۆكانەوە باشی تاوەكو مانگی 5ی ساڵی داهاتووش دەكات”.
وتیشی، “فرۆشگاکانی وەزارەت سەبەتەی خۆراکیان ڕێکخستووە بۆ فرۆشتنی گۆشت و کەلوپەلی خۆراک بە کەمتر 30%ی نرخی بازاڕ بە هاووڵاتیان”.