كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان كاردەكات راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆی بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكە بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە قازانجی كۆمپانیاكە بەرێژەی 22% كەمیكردووە، راپۆرتەكە بەهیچ جۆرێك باسی لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكردووە لەبارەی گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، كە ئێستا یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی گفتوگۆی نێوان پارتیو یەكێتییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
راپۆرتەكە پوختەی نۆ مانگی ئەمساڵی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە:
• تێكڕای وەبەرهێنان لە كوردستانی عێراق بەرێژەی 8% بەرزبووەتەوەو گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا. (هاوتای نەوت مەبەست لە بەرمیلێك غازی سروشتیو كۆندێنسەیتو غازی LPGیە))
• لەماوەی ئەم نۆ مانگەدا داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتوەتە بڕی (326 ملیۆن) دۆلار.
• پرۆسەی وەبەرهێنان بەبێ راوەستان لەسەرجەم ئەو شوێنانەی كە كۆمپانیاكە كاری تێدا دەكات بەردەوام بووە.
• لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە (ریچارد هول) وەكو سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی (دانەغاز) دەستبەكاربووە.
دانەغاز كە خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای تایبەت دەناسێنێت لە بواری غازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەكات، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا پوختەی قازانج بڕی (126 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، ئەمە لەكاتێدایە ساڵی رابردوو لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا داهاتەكەی بریتی بووە لە بڕی (161 ملیۆن) دۆلار، واتا قازانجەكەی بە بڕی 22% كەمی كردووە،
بەشێوەیەكی گشتی كۆمپانیای دانەغاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا داهاتەكەی بۆ بڕی (326 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا داهاتی كۆمپانیاكە بڕی (415 ملیۆن) دۆلار بووە، واتا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دانەغاز داهاتەكەی بەڕێژەی 21% كەمیكردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، تێكڕای ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی 8% زیادیكردووەو گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا ئاستی وەبەرهێنان بڕەكەی (34 هەزارو 300) بەرمیل بووە لە رۆژێكدا.
دانەغاز هۆكاری زیادبوونی ئاستی وەبەرهێنانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ تەواوبوونی پرۆژەی پاككردنەوەی شوێنی كاركردن لە نیوەی دووەمی 2022، هەروەها تەواوكردنی لێدانی شەش بیر لەلایەن كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم لە پرۆژەی “كۆرمۆر 250” كە چاوەڕوان دەكرێت لەكاتی تەواوبوونیدا بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجا بۆ تێكڕای توانای وەبەرهێنانی وێستگەكە زیاد بكاتو بیگەیەنێتە (750 ملیۆن) پێ سێجا لە رۆژێكدا.
رۆژی 6ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد بۆری گواستنەوەی غازی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كردووە.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە مشتومڕی لەنێوان پارتیو یەكێتیی دروستكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وەزیرەكەی پارتییە بێئاگایی خۆی لەم پرۆژەیە راگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیش وەكو دەسەڵاتدار بەسەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەتیكردەوە ئاگاداری پرۆژەكە بێت.
دواتر دەركەوت حكومەتی فیدراڵ بە بڕیاری ژمارە (23392) وەزارەتی نەوتی عێراقی دەستكراوە كردووە غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بكڕێت كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی ناو گروپی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم.
دانەغاز لە راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆیدا بەهیچ جۆرێك ئاماژەی بەوە نەكردووە دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردبێت بۆ گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك.