ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی چەند شوێنێکی بناری قەندیل و زنجیرە چیای قەندیلیان بۆردومان کردوە.
بۆردومانەکە بەردەوامە، بەڵام زەرەرو و زیانەکانی بۆردومانەکە نەزانراون.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دوشەممە (6/11/2023) درۆنێکی تورکى لە ناو شارەدێى بۆسکێنى سەر بە قەزاى رانیە، دو کەسى پیادەڕۆى کردە ئامانج و هەردو کەسەکە بە سەختى بریندار بون.
شەوی رابردوش لە سنوری ناحیەی دێرەلوکی سەر بە پارێزگای دهۆک لە گوندی دێڕەش، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا کەوتەخوارەوە و دانیشتوانی گوندەکەش زانیارییەکانیان پشتڕاستکردوەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردوە کە بەهۆی ئاگری فڕۆکەکەوە، رەز و باخی هاوڵاتیان گڕی گرتوە.
تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەبەردەوامیش درۆنەکانی بە ئاسمانی هەرێمەوە دەسوڕێنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێى ئامارێکى رێکخراوى (سى پى تى)، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە بەهۆى بۆردومانى درۆنى تورکى 10 هاوڵاتى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان شەهید بون و 12 هاوڵاتى دیکەش برینداربون.