وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكان و كارگەكانی دروست كردنی دەرمان ئاگادار دەكاتەوە، كە لە سەری ساڵی نوێوە هەر بەرهەمێكی دەرمانسازی و پزیشكی بەبێ ستیكەری نوێ بێت سزا دەدرێن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی كردووە ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاووڵاتیان، ئاگاداری گشت کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوەخۆییەکان دەکەینەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی گشت ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکیانەی، کە بێ ستیکەرن یاخود ستیکەری کۆنیان لەسەرە بیگەڕێننەوە بۆ کۆگاکانیان.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوە بەرهەمەکانیان بە لیستێک، کە ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت (Item name,quantity, batch number,current process) پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵ كردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بکەن بۆ دروستکردنی ستیکەری نوێ بۆیان دواتر بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، دوا مۆڵەت ڕێکەوتی (١٠/١٢/٢٠٢٣) دەبێت.
وتوشیەتی، “دوای ڕێکەوتی (٢/١/٢٠٢٤) هەر بەرهەمێکی دەرمانسازی و پزیشکی بەبێ ستیکەری نوێ بوونی هەبێت لە کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و دەستی بەسەردادەگیرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتە بەر”.