كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر هەڵوێستی وڵاتەكەی لەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕادەگەیەنێت و جەختدەكاتەوە، كە کاریگەریی خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی هەبووە.
مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم ڕایگەیاندووە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەریی خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی هەبووە.
لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دەرکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی وتویەتی، “لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەن”.
جەختی لەوەشکردەوە، چارەسەرکردنی کێشەی داهات و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە کارە لەپێشینەییەکانی سیاسەت و بەرنامەی ئەمریکا دەبێت.
لەمانگی ئاداری ئەمساڵەوە بە بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و بە پێی وتەی بەرپرسانی هەرێم و عێراق، بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە تا ئێستا زیانی زیاتر لە 5 ملیار دۆلار لە داهاتی گشتی كەوتووە.