مامۆستایانی هەولێر رایدەگەیەنن، “بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دژی دواکەوتنی مووچە و پلە بەرزکردنەوەمان بڵاودەکەینەوە”.
ئهمڕۆ سێ شهممه 7_ی تشرینی دووهمی 2023 ژمارەیەک مامۆستای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، “دژی دواکەوتنی مووچە و پلە بەرزنەکردنەوەمان کاتژمێر چواری ئەمڕۆ، لە پارکی کانیاو، لە شەقامی کەسنەزان، بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان خوێندەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەو مامۆستایانە ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان و پلەبەرزکردنەوەیان دەربڕی، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ داواکانی مامۆستایانی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریان دووپاتکردەوە،
لەبارەی ئەوەی بۆچی وەک ئەو مامۆستایانە بایکۆت ناکە، ئەو مامۆستایانە رایانگەیاند، “ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم تا ئەم ساتە دوو ئیدارەییە و لە سلێمانی و ناوچەکانی تر بەجۆرێکە و لە هەولێر و دەروبەری بەجۆرێکی ترە”.
ئەم ناڕەزایەتییە لە کاتێکدایە بایکۆت و ناڕەزایەتی مامۆستایان له سلێمانی و ههڵهبجه و ناوچهكانی دهوروبهریان بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆش جارێکی دیکە خۆپیشاندان لهبارهی دواكهوتنی مووچه و دامهزراندن و پلە بەرزکردنەوە لەو ناوچانە ئەمجامدرا.
دەقی بەیاننامەکە:
بەناوی خودای گەورەی میهرەبان
(مامۆستایانی هەولێر :رۆژانی داهاتو هەڵویستی جدیمان دەبێت)
مامۆستایان و مووچەخۆرانی سەربەرز .
ماوەی دەساڵە پڕۆسەی پەروەردە لە دۆخێکی ناجێگیر و ناڕێکدایە ، بەهۆکاری پێنەدانی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران ، ئەمساڵیش وا بۆ دوومانگ دەچێت نیوەی مامۆستایانی هەرێم بایکۆتیان کردووە و نیوەکەی تریش بەنابەدڵی و دڵەڕاوکێیەوە لە پۆلەکان وانە دەڵێنەوە ، کە ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی پەروەردە ئامانجی خۆی نەپێکی و ڕەنجەکان بەخەساربچن ، بۆیە وەک دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر ، ئەو داواکارییانە دەخەنە ڕوو.
1ـ پشتگیری کردنی سەرجەم داواکارییەکانی مامۆستایانی گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانی و شوێنەکانی تر.
2-دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
3-دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
4- دابەشکردنی مووچەی مانگانەکانی ٩ و ١٠.
لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنین، کە پێویستە حکومەتی هەرێم چارەسەری خێرای ئەو قەیرانە بکات و پرۆسەی پەروەردە بخاتەوە سەر سکەی خۆی ، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی حکومەت لە بێباکی و وەڵامنەدانە ، ئێمەش لەڕۆژانی داهاتوو هەڵوێستی جدیمان دەبێت.
مامۆستایانی ناڕازی هەولێر