شارەزایانی سەربازی و ئەمنی ئاماژە بەوە دەکەن کە بە وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشەکان، دۆخەکە لە عێراق دەچێتە قۆناغێکی خراپ و ئەوەش دەخەنەڕوو کە ئەمریکا لە ئێستادا لە حاڵەتی بەرگریکرنە نەک حاڵەتی هێرشکردن بەهۆی کەمی هێزەکانییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ڕەنگە شەڕەکە لە سووریا یەکلایی بکرێتەوە و پڕیشکی نەگاتە عێراق.
رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی حەماس ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل و کە تێیدا زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان لەناوچەکە بەردەوامە و، زانیارییەکان باس لە گیانلەدەستدانی نزیکەی دە ھەزار ھاووڵاتیی فەڵەستینی دەکەن، جگە لە برینداربوونی نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس.
رۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن گەیشتە ئیسرائیل و رۆژی ٢٠ی هەمان مانگ دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە حەماس ھەوڵیداوە دیموکراسییەکەی ئیسرائیل لەناوببات، بە پێویستیشی زانی کە بەزووترین کات ھاوکاری مرۆیی بگاتە دەست دانیشتووانی کەرتی غەززە، هەروەها داوایشی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە ھاوکاریی زیاتر بۆ ئیسرائیل دابین بکات.
دوای ئەو سەردانە، هێرشە درۆنییەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەستی پێکرد و تا ئێستاش کۆی هێرشەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ هێرش و ئەمریکاش هیچ کاردانەوەیەکی نیشاننەداوە.
شارەزایانی بواری سەربازی و ئەمنی ئاماژە بەوە دەکەن کە بە وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشەکان، دۆخەکە لە عێراق دەچێتە قۆناغێکی خراپ و ئەوەش دەخەنەڕوو کە ئەمریکا لە ئێستادا لە حاڵەتی بەرگریکرنە نەک حاڵەتی هێرشکردن بەهۆی کەمی هێزەکانییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ڕەنگە شەڕەکە لە سووریا یەکلایی بکرێتەوە و پڕیشکی نەگاتە عێراق.
شارەزای سەربازی لیوا عادل کاکەیی دەڵێت: “هەردوو بەرەی شەڕ پەلەیان کرد لە کار و لە کاردانەوەش، ئەمریکا بەرژەوەندی لە ناوچەکە هەیە و دوژمن و ناحەزی زۆرە، بەتایبەت ئەو کۆمەڵە گرووپ و میلیشیایانەی لەگەڵ ئێرانن و ناویان لەخۆیان ناوە مقاوەمە، هەروەها ئیسرائیل رووبەرێکی بچووکی هەیە، ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت کە بەرگریی لێ بکات و ناوچەکە وەک بەرمیلێک بارووتی لێهاتووە کە تەنیا فتیلەکە ئاگر بگرێت ئیتر دەتەقێتەوە”.
وتیشی: “کاردانەوەکان کتوپڕە، ئەمریکا دەزانێت ئەگەر بەرەی دیکە دروست بێت بۆ ئەم شەڕە، ئەوا هێزەکان دەبێت دابەش ببن، ڕەنگە لەم حاڵەتدا ئیسرائیل نەتوانێت پلانەکەی خۆی جێبەجێ بکات لە غەززە، بۆیەش خۆیان راگرتووە و دان بەخۆیاندا دەگرن، بەرەی مقاوەمەش ئەوەی دەزانێت کە بۆچی ئەمریکا کاردانەوەی نیە و سستە، ڕەنگە ئەم بابەتەی غەززە نەبوایە ئەمریکا نەیدەتوانی وا بێدەنگ بێت، بۆیە بەهەر شێوەیەک بێت لە ڕووی سەربازییەوە ئیسرائیل شکۆی شکێنرا، دەیانەوێت ئەم شکۆیەی بۆ بگەڕێننەوە ئەویش بە گەیشتن بەو ئامانجانەی کە باسی لێوە دەکەن کاتێک دەڵێن نابێت رێکخراوی حەماس بمێنێت، لەمەشدا پلان و بەرنامەی خۆیان هەیە”.
ئەو شارەزای سەربازییە پێیوایە ئەگەر شەڕ لە دەرەوەی ئیسرائیل و غەززە پەرەبستێنێت ئەوا سەرنج لەسەر دۆخەکە لادەچێت و لەمبارەیەوە وتی: “ئەگەر پێش حەوتی ئۆکتۆبەر، هەموو کامێراکانی دونیا لەسەر شەڕی ئۆکراینا بوو، ئێستا ئۆکراینا ئەو گرنگییەی بۆ جیهان ماوە، نە پاڵپشتی وەک جاران ماوە و نە باسکردنی لە میدیا جیهانییەکان هەیە، ئەگەر لێرەش شەڕەکە قوڵ بێتەوە ئەوا سەرنج لەسەر ئیسرائیل و غەززە لادەچێت و لەم کاتەدا ئامانج ناپێکێت، بۆیە تاکتیکی شەڕ وایە کەمترین بەرەی شەڕ لەخۆت بکەیتەوە”.
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبییەوە، لیوا عادل کاکەیی وتی: “وڵاتانی عەرەبی ئیحراج بوونە، ناتوانن هیچ جوڵەیەک بکەن، هۆکاری دیکەیش هەیە کە جگە لە بوونی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە، حەماس پرسی بە کەس نەکردووە ئەم کارەی کردووە، من نازانم لە نێوان میحوەری مقاوەمەی خۆیاندا دان بەو ڕاستییەدا دەنرێت یان نا، بەڵام ئەو کارەی حەماس کردوویەتی بە شەو و ڕۆژێک ئەنجام نادرێت و پلانێکی تۆکمەی پێشوەختەی بۆ دانرابوو”.
کاکەیی وتیشی: “وڵاتی میسر لەخۆی دەترسێت لە دوو ڕووەوە، یەکەمیان ئەمریکا لەناو دەریای سپییە لە تەنیشت میسر، لەلایەکی دیکەوە بیابانی سینا هاوسنوورە لەگەڵ غەززە، ناوچەکە کراوەتە سەیرانگا، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئیسرائیل خەڵکی غەززە راپێچی ناوچەی سینا بکات و پێویستە میسر بیانپارێزێت، ئەو کاتە کێشەکە گەورەتر دەبێتەوە چونکە نە خەڵکە بێدەنگ دەبێت نە میسر دەتوانێت بەرگرییان لێ نەکات، بۆیە میسر زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات، هاوکات لەوەتەی سعوودیەش دروست بووە، سێبەری ئەمریکا لەسەریەتی و پاراستوویەتی، بۆیە ئەویش ناتوانێت قسە بکات، لیبیا وێرانە، لوبنان و سووریا دەسەڵاتیان بەدەست خەڵکێکی دیکەوەیە، ئوردن وڵاتێکی بچووکە ئەگەر وڵاتان هاوکاری نەکەن ناتوانێت بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک مەترسی لەسەر عێراق زۆرە ئەگەر ئەمریکا کاردانەوەی هەبێت”.
لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا (وەک ڕێبەری ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای کردووە)، لەمبارەیەوە لیوا عادل کاکەیی وتی: “بوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێویستە، ئەگەر عێراق بیەوێت باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابخات ئەوا دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵێت بۆ شەڕێکی خوێناوی، لەگەڵ ئەوەشدا بەدووری دەبینم هەرێمی کوردستان لەم شەڕە تێوەبگلێت”.
هاوکات شرۆڤەکارێکی ئەمنی و سەربازیی ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی کێشە و دەرگیریی بووە، بۆیە گونجاو نیە کە ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە و، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکییەکان مەبەستیانە شەڕەکە لە گۆڕەپانی سووریا یەکلایی بکەنەوە و سەر نەکێشێت بۆ عێراق.
شرۆڤەکاری ئەمنی و سەربازی، عەبدولقادر هەرکی وتی: “ئەمریکا خۆی ئێستا تووشی شڵەژانێک هاتووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە کۆی ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بریتیبوون لە ڕووداوێکی شۆکهێنەر، هەم بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، هەم بۆ دەزگا ئەمنی و سیاسییەکانی جیهان، ئەمریکا بۆخۆی تووشی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی ئەوەی خۆی لەماوەی ڕابردوو بەشێوەیەکی کردارەکی لە گۆرەپانی جەنگ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا تووشی دەرگیری بووەتەوە و کێشەی هەیە، لە دەریای چین چاودێریی هەیە واتا کاتژمێری سفڕ بۆ تەقینەوەی دۆخەکە هەیە، هاوکات لەوانەیە کێشە لە نێوان چین و تایوان ڕووبدات و دواتر وڵاتانی دیکەی وەک ژاپۆن، کۆریا، ئوسترالیا و هەموو ئەوانەی لە سەر دەریای چینن بگرێتەوە”.
عەبدولقادر هەرکی وتیشی: “بۆیە لە ئێستادا بۆ ئەمریکییەکان هیچ گونجاو نیە کە ڕووبەڕووی کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنەوە بەتایبەت لە عێراق و سووریا و کەنداو کە کەمتر لە ٥٠ هەزار هێزی هەیە و لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو ژمارەیە ناتوانێت هێزی هێرشبەر بێت، بۆیە ئەمریکاییەکان هەوڵ دەدەن بە پاڵپشتی چەک و جەبەخانە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بتوانن رێگرییەک بکەن لە پەرەسەندنی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی وەک باشووری لوبنان و سووریا، چونکە پێدەچێت لە قۆناغی دواتردا سووریا گۆڕەپانی پێکدادان بێت لەدوای غەززە”.
لەبارەی هۆکارەکانی نەبوونی کاردانەوە لەلایەن ئەمریکییەکان سەبارەت بەو ژمارە هێرشە درۆنییەی کە دەکرێتە سەر بنکەکانییان لە عێراق و سووریا، عەبدولقادر هەرکی وتی: “پێموانییە بەم شێوەیەی ئێستا ئەمریکا بتوانێت کاردانەوەی هەبێت، چونکە لە ئێستادا ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە حاڵەتی بەرگرییدان، لە حاڵەتی هێرشکردندا نین، ئەو سیستەمە نوێیەی کە بە بەرەی بەرگریی ناودەنرێت یان میحوەری مقاوەمە لە حاڵەتی هێرشکردنە، ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کردنەوەی بەرەی جیاواز لە نێوان دژە ئیسرائیلییەکان بەرامبەر ئیسرائیلییەکان لە هەمووکات زیاترە واتا باشووری لوبنان و حیزبوڵڵا کە باس لەوە دەکرێت جبەخانەیەکی ١٥٠ هەزار مووشەکیی هەیە کە دەتوانێت هەموو خاڵیک لە ئیسرائیل دا بپێکێت بێگومان ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، دواتر ئەم تەکنەلۆژیا درۆنییە هەرزانەی کە ئێران هەم لە سووریا و هەم لە لوبنان جێگرییکردووە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوو پەرەی سەندووە ڕەنگە ئەمە مەترسییەکی گەورەبێت، بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات بێدەنگ بێت لەو شوێنانەی کە هێرشی دەکرێتەسەر چونکە هێزی پێویستی نیە”.
ئەو شرۆڤەکارە ئەمنیی و سەربازییە ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی لەباربوونی زەمینە و بەهێزی ئێران لە عێراق، ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن شەڕەکە لە سووریا یەکلایی بکەنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: “بێگومان باس لەوە دەکرێت کە قۆناغی دواتر ڕەنگە لە سووریا و عێراق بێت، ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن لە سووریا ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە و شەڕ پەرەنەستێنێت بۆ عێراق لەبەر ئەوەی بەرەی مقاوەمە و بەرەی ئێرانی لە عێراق بەهێزترە و پاڵپشتیەکی زۆری هەیە، هەروەها زەمینە خۆشتر و لەبارترە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لە عێراق، هاوکات ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمیش ڕەنگە پێگەیان بەو جۆرە نەبێت و بەرەی خەڵک گەورەترە دژی ئیسرائیل، بۆیە ئەمریکا هەوڵ نادات لە عێراق ئەو شەڕە دروست بێت”.