وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە نابێت قووتی خەڵك بخرێتە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە و دەشڵێت: “یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە لە ئاستی باڵا و دەیان كێشە لە ناوچەكە سەریهەڵداوە و كورد لەناو كێڵگەی میندایە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نابێت قووتی خەڵك بخرێتە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە و یەكێتی و پارتی هاوڕان كێشەی مووچە بە سیاسی نەكرێت، چونكە فەرمانبەران بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن.
ڕاشیگەیاند، سبەینێ لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە و پرسی یەكدەنگی كورد لە بەغدا تاوتوێ دەكەین و كۆبوونەوەكەش لە ئاستی باڵا دەبێت و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بەشدار دەبێت و لە لای پارتیشەوە پێدەچێت نێچیرڤان بارزانی یان مەسرور بارزانی بەشداربن.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە بانگەشەیەكی هێمن و شارستانی بەڕێوەبچێت و ئەگەر پارتی و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق پێكەوەبوونایە نیوە زیاتری كورسییەكانی موسڵ و كەركوكمان بەدەست دەهێنا.
جەختیشی كردەوە، دەیان كێشە لە ناوچەكە سەریهەڵداوە و كورد لەناو كێڵگەی میندایە.